حەیدەر قوربانی زیندانی سیاسی کورد لە سێدارەدرا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسیی کورد لە زیندانی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە سیدارە درا. 

 بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بەندکراوی سیاسی کورد حەیدەر قوربانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانی سنە لە لایەن ئێرانەوە لە سیدارە درا. 

حەیدەر قوربانی مانگی ڕەزبەری ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ ژن براکەی بە ناوی (مەحموود سادقی) کە هەردوویان خەڵکی گوندی بزوەش سەر بە شاری کامێران بوون، لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران و لەوکاتەوە لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە دەستبەسەر بوون. 

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە دۆسیەیەکی دیکەدا و لەلایەن لقی ١ی دادگای تاوانەکانی پارێزگای سنە بە تۆمەتی هاوکاری کردن و کارئاسانی بۆ کوشتنی چەند ئەندامی سوپای پاسداران لە کامێران دادگای کرابوون.


AM:10:24:19/12/2021