دەربارەی مووچەی مانگی (١٢) و كێشەكانی كەرتی پەروەردە عادل حەسەن حەمە ڕەشید كە یەكێكە لە ئەندامانی مامۆستایانی ناڕازی نامەیەکی کراوە ئاڕاستەی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت" دڵنیابن دواخستن یان لێبڕینی مووچە لەلایەن مامۆستایانەوە بێ وەڵام نابێت و ناڕەزایەتیەكان دەستپێدەكەنەوە".
دەقی نامەكە:
نامەیەكی كراوە بۆ بەڕێز وەزیری پەروەردە مامۆستا ئالان حمەسعید
سڵاو
ئەم كاتەو هەموو كاتێكت باش
بەڕێزتان ئاگادارن هیچ كەسێك هێندەی مامۆستایان خەمخۆر و دڵسۆزی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن نییە ، دوای ساڵی ٢٠١٨ كە كەمێك باردۆخی مووچە و بژێوی مامۆستایان گۆڕانكاری بەسەردا هات و بەرەو باشی چوو ، مامۆستایان هەنگ ئاسا سەرەڕای ئەركی وانەووتنەوە و فێركاری خۆیان لە ڕێگەی لیژنەكانی پەرەپێدانی قوتابخانەوە دەیان گروپ و لیژنەی تریان دروست كرد بۆ زیاتر گەشەپێدانی ڕەوتی خوێندن و بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردن لەسەر حسابی گیرفانی خۆیان و بەهاوكاری ئەنجومەنی دایكان و باوكان دەستیان كرد بە خزمەتكردن و جوانكردنی ژینگە و بینای قوتابخانەكان .
لە ئێستاشدا دوای دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە سەرەتای خاوبونەوە و گەرموگوڕی مامۆستایان دەستی پێكردووە .
چونكە پێمان وایە حكومەت و وەزارەتی پەروەردە ماندوبوون و هیلاكیەكانمان نانرخێنێت و لە خەمی مووچە و بژێوی مامۆستایاندا نییە و زۆر خەمساردانە بەرامبەر مووچە و كێشەكانی پەروەردە ڕەفتار دەكەن .
بۆیە لێرەوە و لەم نامە كراوەیەو و لە ڕوانگەی دڵسۆزیمان بۆ پرۆسەی پەروەردە ، داواكارین لە بەڕێزتان.
ئەگەر دەتانەوێ جارێكی تر پرۆسەی پەروەردە توشی گرفت نەبێت ، خوێندن بە ڕێڕەوی سروشتی خۆی بەردەوام بێت ، تكایە ڕێگە مەدەن مووچەی مامۆستایان بەهیچ جۆرێك دو بكەوێت .
چونكە دڵنیابن دواخستن یان لێبڕینی مووچە لەلایەن مامۆستایانەوە بێ وەڵام نابێت و ناڕەزایەتیەكان دەستپێدەكەنەوە و كێشەی گەورە بۆ پرۆسەی پەروەردەو خوێندن دروست دەبێت .
.
لەگەڵ ڕێزدا
والسلام
.
عادل حسن حمەڕەشید
چەند ڕۆژێك پێش دووبارەبوونەوەی كێشەكان .
ــــــــ
وێنە بۆ
٭ دایكان و باوكانی قوتابیان
٭ تەواوی خەمخۆرانی پرۆسەی پەروەردە .
٭ هەموو ئەوانەی دوای گرفتەكان دەڵێن بۆ ئاوای لێهات .