لە هەولێر سەرجەم ئەو ئاهەنگە فەرمییانەی بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێ سازکرا بوون ڕاگیران

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، بۆ ڕێزگرتن لە گیانی ئەو هاوڵاتیانەی لە ڕووداوی لافاوەکەدا گیانیان لەدەستداوە لەشەوی سەری ساڵدا هیچ بۆنەیەکی فەرمی بەڕێوە ناچێت.

ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ یەک شەممە ١٩ی کانوونی یەکەم، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بۆ رێزگرتن لە گیانى قوربانیانی لافاوەکە و ئەو زەرەر و زیانانەى بەر هاوڵاتیان کەوتووە و رووحى ئەو پێشمەرگە و هاوڵاتیانەى کە لە ماوەى رابردوو بە دەستى چەکدارانی داعش شەهید بوون لە شەوی سەری ساڵ هیچ بۆنەیەکى فەرمى ئەنجام نادەین".

لە شاری هەولێر سەرجەم بۆنەو ئاهەنگەکان بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە ڕاگیران، بەڵام تائێستا نازاندرێت لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان هەمان بڕیار جێبەجێدەکرێت یاخودنا.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو ساڵێک پێش هاتنی ساڵی تازە هەموو ئامادەکارییەک دەکرێت بۆ بەڕێوە چوونی ئاهەنگە کانی هاتنی ساڵی نوێو کۆتای هاتنی ساڵی ڕابردوو ، بەڵام ئەمساڵ لە شاری هەولێر هیچ بۆنەو ئاهەنگێکی فەرمی بەڕیوەناچیت.



PM:03:16:19/12/2021