خۆپیشاندانی مامۆستایان دژی پێنەدانی مووچە دەستیپێکرد

مامۆستایانی هاوكاری بەهۆی نەبوونی شایستە داراییەكانیان بۆ ماوەی سێ ساڵ ، بڕیاریاندا خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، لە پارێزگای هەولێر لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و مامۆستایانی پارێزگای سلێمانیش لەبەردەم پەروەردەی گشتی سلێمانی گردببنەوە.


ئەمرۆ دووشەممە ٢٠ی کانوونی یەکەم، نوێنەری مامۆستایانی هاوكاری، دیاری ئەكرەم ڕایگەیاند "سێ ساڵە تەنها ٩٠٠ هەزار دینارمان وەرگرتووە و چارەنووسمان دیارنییە".

وتیشی "ئێمە نە خۆبەخشین نە گرێبەستین و نە وانەبێژین، لەگەڵ ئەوەشدا ٨ ساڵە دەوام دەكەین و بڕوانامەی هەموومان پسپۆڕییە، بەڵام حكومەت بەردەوام بە واستە مامۆستا دەكەنە وانەبێژ، ئەمەش ناهاوسەنگییەكی زۆری دروست كردووە و داوا دەكەین چارەنووسمان دیاری بكەن یاخود مووچە فەوتاوەكانمان بدەنەوە".

نوێنەری مامۆستایان وتیشی  "پێشتر چوار جار یاداشتمان پێشكەشی لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە، لەكاتێكدا مامۆستا لەسەر ئەركی خۆی چووەتە قەزا و ناحییەكان".

نوێنەری مامۆستایانی هاوكاری، دیاری ئەكرەم، داوا دەکات، مامۆستایان هاوكاری بكرێنە وانەبێژ، چونكە حكومەت ناوی لێناوین مامۆستای هاوكاری و هەموو ئەركەكانمان بە دڵسۆزی جێبەجێكردووە لەبەرئەوە پێویستە شایسستە داراییەكانمان بۆ خەرج بكرێت.



AM:10:39:20/12/2021