هەولێر.. سەرجەم دامودەزگاکانی پەیوەندیدار خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە

بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی کە ئەمڕۆ سەرلەنوێ دەستیپێکردەوە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیار درا سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەو پارێزگایە بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ئەمرۆ دووشەممە، کۆبوونەوەیەکی فراون لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ شەپۆلی دووەمی بارانبارینەوە لەدیوانی پارێزگا ئەنجامدرا و تێیدا ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشداربوون سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوە و بەرگرتن لە مەترسیەکانی لافاو.

لەو کۆبوونەوەیەدا، پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنەکانی ڕاسپارد، وەک ئامادەباشی بۆ قۆناغی دووەمی کاریگەریی ئەو شەپۆلەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە پەلەبکەن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ بەرگرتن و ڕووبەڕوو بوونەوەی مەترسیەکانی لافاو.
باس لەوەش کراوە کە لە هەموو ئەو شوینانەی مەترسی دروستبوونی لافاویان لەسەرە تیمەکان و ئامێری پێویست دابینکراوە و تەواوی هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، هاتوچۆ و بەرگری شارسانی) و (قائیمقامیەتەکان و ناحییە و تەندروستی و شارەوانیەکان و ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا) و تەواوی فەرمانگەکان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە بۆ هەر ئەگەر و ڕووداوێکی نەخوازارو و پاراستنی سەر و ماڵ و گیانی هاوڵاتییان.

لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە دوو شەممە بارانبارین دەست پێکردۆتەوە لە کاتەکانی شەودا بارانبارین زیاتر دەبێت و هەندێك جار لێزمە باران دەبارێت. ئاماژە بەوەشکراوە شەپۆلەکە تا ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ بەردەوامی دەبێت.

رۆژی هەینی رابردوو بەهۆی ئەو بارانە بەلێزمەیەی لە هەندێک ناوچەی هەرێم باری، لە ئەنجامدا ١٢ کەس لە هەولێر و کەسێکیش لە تەقەتەق بە بروسکە گیانی لەدەستدا، هەروەها لە بازیانیش گەنجێک خنکا.



PM:06:17:20/12/2021