فراکسیۆنی نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیانکرد

بەهۆی ئەوەی لەسەر هۆکاری دروست بوونی لافاوەکەی هەولێر لایەنی بەرپرس ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، فراکسیۆنی نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستانیان کرد.

 

ئەمڕۆ ٢٢ی کانوونی یەکەم، کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان باسی لەوەکرد،  دوو ساڵە لافاو لە هەولێر روودەدات و تا ئێستا هیچ لایەنێک سزا نەدراوە لەسەر ئەوەی هۆکاری دروستبوونی لافاوەکە چییە، وتیشی "پێویستە بەرپرسە باڵاکان کە بوونەتە هۆی گۆڕینی ماستەرپلانی هەولێر و زێدەڕۆییان کردووە و ئەو شیو کەندانەی هەبووە پڕیانکردووەتەوە بەمەبستی دروستکردنی بینا و باڵەخانە پێویستە سزا بدرانایە، وە پێویستە حکومەت قەرەبووی خەڵکی بکردایەتەوە لە جێگەی ئەوەی چاوەڕوانی بڕە پارەیەک لە بەغدا و هاوکاری سەرمایەداران بکات، چونکە حکومەت خاوەنی بودجەی خۆیەتی و پێویستیی بەوە نییە چاوەڕێی هاوکاری بکات".

ناو براو وتیشی "لایەنی پەیوەندیدار پێوەیستبوو ئامادە بوونی هەبووایە و پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بکردایە، نەوەک ئێمە دانیشین تەنها گفتوگۆ بکەین لەبارەی لافاوێکەوە کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٢ کەس."



PM:01:56:22/12/2021