باتیفا.. بەهۆی بۆردوومانکردنی تورکیاوە ژنێک بە سەختی بریندار بوو

بەهۆى بۆردومانکردنی تورکیا لە سنورى باتیفاى سەر بە پارێزگاى دهۆک ژنێک بریندار بوو. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بەهۆی کەوتنە خوارەوەی گوللـە تۆپێک لە نزیک ماڵێک لە گوندی بانکی سەروو لە قەزای باتیفای سنووری ئیدارەی زاخۆ ژنێکی تەمەن (٤٢) ساڵ بە سەختی بریندار کرا.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە ئاکامی بۆردوومانەکە زیانێکی زۆری ماددیش بەر ماڵەکە کەوت و ژنەکەش لە ئێستادا گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای زاخۆ.

ماوەی دوو ڕۆژە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە بیانووی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە بۆردومانی ناوچە جیا جیاکانی سەر بە ئیدارەی زاخۆ دەکەن. 


PM:09:42:27/12/2021