نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له فەڕه‌نسا له‌سەر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمی ئەو (١٦) کۆچبەرەی کە لە رووداوه‌كه‌ی كەناڵی ئینگلیز ژێر ئاو کەوتن ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" داواکارین رۆحی کۆچبەرەکان نەکرێنە بابەتی موزایەدە و بە حیزبیکردن".
نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، داواکارین رووحی ئەم قوربانییانە نەکرێنە بابەتی موزایەدە و بە حیزبیکردن و هیچ مەرامێکی دیکە، هەروەها هیوادارین چیدیكه نه‌بینه شاهیدی رووداوی هاوشێوه و داواش له هاونیشتیمانیان به تایبه‌تی گه‌نجه‌كانمان ده‌كه‌ین كه چیدی فریوی قاچاخچیه‌كان نه‌خۆن و ئه‌و رێگا نایاسایی و پڕمه‌ترسییانه نه‌گرنه‌به‌ر به مه‌به‌ستی كۆچکردن.
دەقی روونکردنەوەکەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەڕەنسا:
سه‌ر له‌به‌یانی رۆژی یه‌كشه‌ممه ٢٦ی کانوونی یەکەم، ته‌رمی ١٦ قوربانی رووداوه‌كه‌ی نۆكه‌ندی ئینگلیز له‌ڕێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر گه‌ڕێندرانه‌وه هه‌رێمی كوردستان و راده‌ستی بنه‌ماڵه‌كانیان كران، هه‌ر له ڕۆژی یه‌كه‌می رووداوه‌كه، نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له فەڕه‌نسا له‌گه‌ڵ لایه‌نی فه‌رمی له حكومه‌تی فەڕه‌نسا كه‌وته په‌یوه‌ندی و به‌دواداچوون بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه له ئه‌نجامی ژێرئاوكه‌وتنی به‌له‌مه‌كه بێسه‌روشوێن بوون.
دوای دۆزینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له ته‌رمه‌كان، به‌داخه‌وه ده‌ركه‌وت كه ١٦ له قوربانیانهكان هاونیشتیمانی هه‌رێمی كوردستانن، بۆیه لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له حكومه‌تی فەڕه‌نسا داوای به‌ڵگه‌نامه و په‌نجه‌مۆری ئه‌و قوربانیانه‌ی له نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له فەڕه‌نسا كرد، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم به نوسراوێكی فه‌رمی له ڕێگه‌ی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه په‌نجه‌مۆری زۆربه‌ی ئه‌و قوربانیانه‌ی بۆ ناردین، ئێمه‌ش راده‌ستی تیمی لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه و پزیشكی دادییمان كرد، به‌رده‌ستبوونی په‌نجه‌مۆره‌كان ئاسانكاری ته‌واوی كرد بۆ ناسینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی قوربانییه‌كان، دوای ته‌واوبوونی رێكاره یاساییه‌كان رۆژی چوارشه‌ممه ١٥ی كانوونی یه‌كه‌م له نه‌خۆشخانه‌ی شاری لیل به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه‌كانی هه‌ر ١٦ ته‌رمه‌كه راده‌ستی نوێنه‌ری نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له فەڕه‌نسا كران، به سوپاسه‌وه باڵیۆزخانه‌ی عێراقی فیدڕاڵ له پاریس هاوكار بوون له په‌سه‌ندكردنی دیكیۆمێنتهكان.
له‌سه‌ر راسپارده و ئه‌ركی نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، پرۆسه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كان له ڕێگه‌ی به‌شی كارگۆی هێڵی ئاسمانی توركی ئه‌نجامدرا، له به‌ره‌به‌یانی رۆژی ٢٦ی مانگ، ته‌رمی قوڕبانییهكان گه‌یشتنه‌وه فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر، دوای واژۆكردنی دیكیۆمێنتی گه‌یشتن و ته‌واوكردنی رێكاره یاساییه‌كان له فڕۆكه‌خانه له‌لایه‌ن نوێنه‌ری فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، هه‌ر ١٦ ته‌رمه‌كه له كارگۆی فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر راده‌ستی كه‌سوكاریان كرانه‌وه و له‌رێگه‌ی ئامبوڵانسه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم، تا دوا مه‌نزڵگایان به‌ڕێكران.
هاوكات داواكارین رۆحی ئه‌م قوربانیانه نه‌كرێته بابه‌تی موزایه‌ده و به حزبیكردن و هیچ مه‌رامێكی دیكه و هیوادارین چیدیكه نه‌بینه شاهیدی روداوی هاوشێوه و داواش له هاونیشتیمانیان به‌تایبه‌تی گه‌نجه‌كانمان ده‌كه‌ین كه چیدی فریوی قاچاخچیه‌كان نه‌خۆن و ئه‌و رێگا نایاسایی و پڕمه‌ترسییانه نه‌گرنه‌به‌ر به‌مه‌به‌ستی كۆچ.