جەمیل بایک هێرشێکی توند دەکاتە سەر پارتی



هاوسەرۆکی کەجەکە، جەمیل بایک هێرشێکی توند دەکاتە سەر پارتی دەڵێت" پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک بووەتە یەک و لە هەندێک هەنگاودا دژی گەریلا ، دەوڵەتی تورک دوای پەدەکە کەوتووە".

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە دیدارێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی حیزبەکەیان، ستێرک تیڤی دۆخی ناوچەکە و کوردی هەڵسەنگاند و لەسەر چەند تەوەرێکی جیاواز قسەی کرد.

جەمیل بایک لە بارەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ پەدەکە وتی: هەموو کەس دەزانێت کە ئێمە پێشتر پەیوەندیمان لەگەڵ پەدەکە هەبوو، هەروەها پەدەکەش پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەیە، بەڵام پەیوەندی ئێستای پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورک وەک پێشتر نییە ئەو 

ئەو ئاشکرای دەکات "دەوڵەتی تورک چەند بەڵێنێکی بە پەدەکە داوە پەدەکەش بەپێی ئەو بەڵێنانە لەگەڵ دەوڵەتی تورک یەکیگرتووە و دەیانەوێت پەکەکە بەم شێوەیە لەناو بەرن”.

ئاماژە بەوەشدەکات "بە گوێرەی ئەوان ئەگەر بتوانن پەکەکە لەناو بەرن، هەموو شتێک بۆ ئەوان دەمێنێتەوە. واتە هەموو ئەو بەهایانەی کە لەلایەن پەکەکەوە دروست کراون دەتوانرێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان لەناوببرێن، بۆیە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا یەکیگرتووە و لە دژی پەکەکە دەجەنگێت پەدەکە هێزێکی دەرەوەی شەڕ نییە و تەنیا پشتیوانی دەوڵەتی تورک بکات نەخێر؛ پارتی لە ناوەڕاستی شەڕدایە لە هێرشی دژ بە پەکەکەدا، ئەرکی پەدەکە- دەوڵەتی تورک- یش ئاشکرایە”.

هاوسەرۆکی کەجەکە وتیشی " دەوڵەتی تورک چەند بەڵێنێکی بە پەدەکە داوە بەڵێنەکانی وەک؛ "ئەگەر پەکەکە لەناوببرێت، ئێوە لە دەسەڵاتدا دەمێننەوە، ئەوا لە باشور بەردەوام دەبن، ئێمە لە بەرامبەر ئەوەدا ڕێگر نابین” پارتیش پشت بەو بەڵێنانە دەبستێت و کەمین لەبەردەم گەریلاکاندا دادەنێت، لە کەمینێکدا 3 هەڤاڵ لە کەمینێکی دیکەشدا 7 هەڤاڵ گیریان خوارد هەڤاڵێک بە زیندوویی ڕزگاری بوو و هەڤاڵێکیش بێسەروشوێنە. ئەمە ڕاستیەکەیە ئەرکی دەوڵەتی تورک ئێستا لەلایەن پەدەکەوە جێبەجێ دەکرێت”.

باسی لەوەشکرد، هەر وەک چۆن دەوڵەتی تورک بۆسە بۆ هەڤاڵان دادەنێت و شەهیدیان دەکات و بە هەزاران کەس زیندانی دەکات ئەشکەنجەیان دەدات، پەدەکەش بۆسە بۆ هەڤاڵانمان دادەنێت شەهیدیان دەکات ئەوانەی بانگەشەی پەیوەندیان لەگەڵ پەکەکەدا دەکرێت زیندانیان دەکات و ئەشکەنجە دەدرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد کە پەدەکە ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڕژێمی فاشیستەوە لە باکور هەڵاتوون ناهێڵێت بە شێوەیەکی ئازاد بژین پێیان دەڵێت "یان خزمەتی ئێمە دەکەیت و دەبیەتە سیخوڕمان، یان تەسلیمی دەوڵەتی تورکیاتان دەکەم، تۆ ناتوانیت لە ناوچەکەی من بمێنیتەوە”.

هاوسەرۆکی کەجەکە ڕاشیگەیاند: دەوڵەتی تورک تەرمی گەریلا بە پۆستە ڕەوانەی خێزانەکان دەکات، هەروەها پەدەکەش گەریلا دەکوژێت و تەرمەکانیش ناداتەوە خانەوادەکانیان خێزانەکان دەڵێن ‘ تەرمەکانمان بدەنێ‌ بەڵام پەدەکە نە بە بەڵێ نە بەنەخێر وەڵام نادەنەوە واتە ئەوەی دەوڵەتی تورک دەیکات بە پێی کردەوەکانی پەدەکە کەمتر دەبێت، گەلەکەمان داوا لە پەدەکە دەکەن کە بۆچی لەگەڵ دەوڵەتی تورک دژی گەریلاکان کار دەکات و هەوڵ دەدات تێبگات، پەدەکە خۆی بەحزبێکی کوردی دەزانێت و دەڵێت ” ئێمە دەستکەوتەکانی کورد دەپارێزین” بەڵام جیهان دەزانێت کە دەوڵەتی تورک دوژمنی کوردە، بۆیە هەمووان حەز دەکەن بزانن چۆن پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتێکی وەهادا چۆن یەک دەگرن.



PM:11:09:29/12/2021