پەكەكە ئامارێكی لەسەر هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا لە ساڵی ڕابردوو بڵاوكردەوە

فەرماندەی بڕیارگەی نەپەگە ئاماری ڕابردووی شەڕوو پێکدادانەکانی گەریلاکانی دژی سوپای تورکیا بڵاوکردەوە، بە پێی ئامارەکە دەوڵەتی تورکیا لە مساڵدا دوو هەزار و ٤٦١ هێرشی ئاسمانی و زەمینی ئەنجامداوە. 

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل-نەپەگە شەوی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماری ساڵی (٢٠٢١)ی شەڕوپێكدادانەكانی لە دژی هێرشەكانی سوپای تورکیا بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، گەریلا توانی لە ساڵی (٢٠٢١)دا ئاستی گەریلای سەردەم بگەیەنێتە ئاستێکی بەرچاو، بە تایبەت ڕێبازی شەڕی گروپی و گەریلای پڕۆفیشناڵ، تاکتیکی شەڕی پشتبەست بە سەنگەر و تونێل، سوپای تورکی لە گردەکانی سەر سنوورەوە ڕاگرت، هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتاوە هەموو پلانەکانی هەڵوەشاندەوە، هەرچەندە سوپای تورکیا پیلانی دانابوو لە چەند هەفتەیەکدا ئامانجەکانی بپێکێت، بەڵام چەندین مانگیش تێپەڕبوو و نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، سوپای تورکیا بەهۆی شکستی بەرامبەر بەرخۆدانی گەورەی گەریلا، دەستی برد بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، کە چەکێکی قەدەغەکراوی جیهانییە و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیش تاوانێکی ئاشکرایە، بەوهۆیەوە (٤٠) گەریلا لە سیان، زەندوورا، مام ڕەشۆ، گردی سوور و وەرخەلێ بەرخۆدانێکی قارەمانانەیان بەرامبەر هێرشی توركیا کرد، بەهۆی چەکی کیمیاییەوە شەهیدبوون.

هاوکات لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) ئاماری شەڕی ساڵی ڕابردووی لە دژی دەوڵەتی تورکیا بڵاوکردەوە، کە ئامارەکان وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتوون بەمشێوەیەن: 
 
هێرشەکانی سوپای تورکیا: 
 
چەکی کیمیایی: (٣٦٧) هێرش

تۆپ و هاوەن: (٤٣٦) هێرش

ئاسمانی: (٢٠٢٥) هێرش

گیانلەدەستدان: (٢٩٨) گەریلا

بەدیلگرتن: (١٩) گەریلا
 
چالاکییەکان: 
 
چالاکییەکانی گەریلا: (٧٤٢)

دەستبەسەرداگرتن: دوو

بۆسەدانان: دوو

هەڵکوتان: (١٥) 

هێرش: (٣٠)

چالاکیی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی: (٤٣)

چالاکییەکانی نیشانەشکێنی: (٥٨)

چالاکییەکانی تەقاندنەوە: (١١٢)

چالاکییەکان بە چەکی قورس: (١٦٠)

چالاکییەکانی شەڕ - لێدان: (٢٥٦)

ژمارەی سەربازە کوژراوەکان: (٨٦١)

ژمارەی سەربازە بریندارەکان: (١٢٨)


AM:09:32:31/12/2021