گۆڕان خۆی بۆ سازدانی کۆنفرانسی حیزبەکەیان ئامادە دەکات


گۆڕان دەستەیەکی ٧ کەسی هەڵدەبژێرێت و لەگەڵ لیژنەی باڵای کۆنفڕانس خۆیان بۆ بەستنی کۆنفرانسی حێزبەکەیان ئامادە دەکەن. 
دەقی راگەیەنراوەکە:  

لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتیماندا  دەستەیەکی حەوت کەسی بە نوێنەرایەتی جڤاتەکانی نیشتیمانی و گشتی و سێ لە هەڵسوڕاوانی دیاری دەرەوەی جڤاتەکان هەڵبژێردران کە بریتین لە (هۆشیار عومەر، نزار مەحمود، هاوڕێ کاوە، دڵشاد ڕەشید، گەیلان شێخ عومەر، د. تەها حەمە عەزیز و شوان قلیاسانی).  

ئەو دەستەیەی کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا متمانەی جڤاتی نیشتیمانیی وەرگرت لەگەڵ لیژنەی باڵای کۆنفڕانس، دەست بە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا کۆنفرانسی دوەمی نیشتیمانی بۆ بەخۆداچونەوە و خۆ رێکخستنەوەی بزوتنەوەکە ببەستن.  

بەپێی دەستوری رێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان  

ئەرکەکانی کۆنفڕانسی نیشتیمانی خۆی دەبینێتەوە لە؛  

- نوێکردنەوەی بەرنامەی سیاسی لە بوارە جیاوازەکاندا  

- پێداچونەوە بە دەستوری رێکخراوەیی، هەڵسەنگاندن و دەستکاریکردنی پلاتفۆرمەکانی هەڵبژاردنەکانی پارێزگا و هەرێم و عێراقی فیدراڵ.   

- هەڵسەنگاندنی ئەدای تیمەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت و نوێنەرەکانی لە دەزگا هەڵبژێردراوەکانی؛ پارێزگا، هەرێم و عێراقی فیدراڵ.  

- هەڵسەنگاندنی ئەدای جڤاتی نیشتیمانی لە چەند ساڵی رابردودا.  

هەمو ئەمانەش پڕۆسەی سەرلەنوێ خۆڕیکخستنەوە و خۆنوێکردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە بەتایبەت دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانی تێیدا دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.  



PM:07:34:02/01/2022