به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر له‌باره‌ی گرێبەستی ئەلکترۆنی روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی پارێزگای هه‌ولێر له‌باره‌ی گرێبەستی ئەلکترۆنی روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" گرێبەستی ئەلیکترۆنی چەندین کێشەی نێوان فرۆشیار، کڕیار و کۆمپانیاکان چارەسەر دەکات و بە هیچ شێوەیەک کۆمپانیای ئەهلی بەشدار نیە لە ڕێکخستنی و  بەڕێوەبردنیدا".

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردووە، بەپێی ڕێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2021 دەبێت گرێبەستی ئەلکترۆنی پەیڕەو بکرێت لەکاتی کڕین وفرۆشتنی ئوتومبێل وماتۆرسکیل، سودی ئەم گرێبەستەش ئەوەیە ڕۆژانە بەدەیان کەس سەردانی هاتوچۆ دەکەن و سکاڵای ئەوە دەکەن کە ئەوان ئوتومبێلیان کڕیوە لەکەسێک وەپارەیان داوە وگرێبەستیان نوسیوە، بەڵام خاوەنی ئوتومبێلەکە ئامادە نابێت پەنجەمۆریان بۆ بکات، لەهاتوچۆش هیچیان بۆناکرێت لەدادگاش پاش ماوەیەکی دورودرێژ، ئینجا بڕیار نادرێت بەگۆڕینی موڵکیەت، گرێبەستی ئەلکترۆنی ئەو کێشەیە چارەسەر دەکات.

دەقى روونکردنەوەکە:  
  
بەپێی رێنمایی ژمارە 3ی ساڵی 2021دەبێت گرێبەستی ئەلیکترۆنی پەیڕەو بکرێت لەکاتی کڕین وفرۆشتنی ئوتومبێل وماتۆرسکیل، بۆیە بۆئاشناکردنی هاوڵاتییان بەگرێبەستی ئەلیکترۆنی بەباشی دەزانین سوودەکانی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بخەینەڕوو  کەئەمانەی خوارەوەن:-  
  
1/رۆژانە بەدەیان کەس سەردانی هاتوچۆ دەکەن و سکاڵای ئەوە دەکەن کە ئەوان ئوتومبێلیان کڕیوە لە کەسێک وەپارەیان داوە وگرێبەستیان نووسیوە ،کەچی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە ئامادە نابێت پەنجەمۆریان بۆ بکات، وە لە هاتوچۆش هیچیان بۆناکرێت لەدادگاش پاش ماوەیەکی دوورودرێژ، ئینجا بڕیار نادرێت بەگۆڕینی موڵکیەت ،چونکە گرێبەست یان نییە یان کەهەیە سیمایەک و پشتگیریەکی یاسایی نییە، بەمەش هاوڵاتی کڕیار تووشی گرفت دەبێت وماڵی دە فەوتێت، بەڵام گرێبەستی ئەلیکترۆنی کەدەکرێت و واژۆ دەکرێت و لەفەرمانگەی یاسایی هاتوچۆ پشتڕاست دەکرێتەوە، ئەو گرێبەستە بەگرێبەستێکی فەرمی دادەنرێت وە لەژێر رۆشنایی ئەوە دادگا زۆر بەئاسانی بڕیاری بەناوکردنەکە دەدات بێ ئامادەبوونی فرۆشیار بۆ پەنجەمۆر. 
  
2/خەڵکانێکی زۆر کەبەنیازی سەفەرن یان قەرزارن و نیازی خۆشاردنەوەیان هەیە و ئۆتۆمبێل بەهاوڵاتییان دەفرۆشن بە(وکالە)، ئەو (وکالە)یە زۆر جار ساختە دەکرێت هاوشێوەی گرێبەستی ئاسایی مەعرەزەکان، بەمەش هاوڵاتی کڕیار خۆی دەبینێتەوە کەوا ئۆتۆمبێلێکی کڕیوە بەبێ ئەوەی هیچ ئەگەرێک هەبێت بۆئەوەی بتوانێت موڵکیەتی بخاتە سەر ناوی خۆی، بەمەش تووشی کێشە دەبێت، بەڵام گرێبەستی ئەلیکترۆنی رۆڵی وەکالە ناهێلێت و رێگر دەبێت لەدروستبوونی ئەو کێشەیە.  
 
3/ئەگەر کەسێک ئۆتۆمبێلەکەی بفرۆشێت بەگرێبەستی ئاسایی، وەبەر لە بەناوکردنی بمرێت، ئەوە ئۆتۆمبێلەکە بەناوی کڕیار ناکرێت، وەئەگەر وەکالەشی بۆکرابێت وەکالەکە نایخوات و کۆتایی پێ دێت، بەڵام گرێبەستی ئەلیکترۆنی بکرێت و لەفەرمانگەی یاسایی هاتوچۆ پشتراست بکرێتەوە وە لەماوەی داریکراوی خۆی پێشکەش بکرێت، مافی میراتگرەکانی مردووەکەی بەسەر نامێنێت کەئیستا ئەوکێشەیە زۆر باوە خەڵکێکی زۆر ئۆتۆمبێلی کەسانی مردویان لایە وەناتوانن بیخەنەسەرناوی خۆیان، بەتایبەت ئەگەر میراتگری ناکامی هەبێت، وەبۆ دادگا و هەموو لایەک روون دەبێتەوە کەکەسەکە بەرلەمردنی ئۆتۆمبێلەکەی فرۆشتووە ،بەمەش کێشە بۆکڕیار دروست نابێت.  
  
4/کۆمپانیاکان ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو بەکارنەهاتوو هاوردە دەکەن وەهەندێکیان وەکو ئیستیغلال کردن ئۆتۆمبێلی لێدراو بەدەر لە رێنماییەکان هاوردە دەکەن و بە هاوڵاتییانی دەفرۆشنەوەوە لە گرێبەستی خۆیان، خاوەنی کۆمپانیاکان ناچار ناکرێن بەوەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلەکان ئەگەر هەر عەیبێکی شاراوەیان هەبێت(عیوب خفیە)، بە ڵام لە گرێبەستی ئەلیکترۆنی کۆمپانیاکان ناچار دەکات بەقەرەبو  وەرگرتنەوە لەکاتی بوونی عەیبی نەبینرا و شاراوە کەهۆکار بێت بۆتۆمار نەکردنیان، کە لەکاتی ئێستادا خەڵکێکی زۆری کڕیار ئەمجۆرە کێشەیان بۆدروست بووە لەگەڵ کۆمپانیاکان.  
  
5/گرێبەستی ئەلیکترۆنی گرێبەستێکی باوەڕپێکراوە وەسنوری بۆدیاری کراوە کەمانگێکە بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو  و تۆمارکراو، وەماوەی 60 رۆژە بۆ ئۆتۆمبێلی بەکارهاتوو یان بەکارنەهاتووی تۆمارنەکراو، دەبێت لەماوەی دیارکراو کارەکانی تۆمارکردن یان گۆڕینی موڵکیەت ئەنجام بدرێت، کەئەمەش رێگر دەبێت لەهەر کێشەیەکی هەڵبەز ودابەزی نرخ وپەشیمان بوونەوە و شتی تر.  
  
6/ئەو گرێبەستە و بڕگە و بابەتەکانی بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، وەبەهیچ شێوەیەک کۆمپانیای ئەهلی بەشدار نییە نە لە رێکخستنی وە نە لە بەڕێوەبردنی ،وەهیچ مافێکی کەسی بەسەرەوە نییە.  

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر  


PM:05:51:04/01/2022