ئاسایشی سلێمانی: ئەوکەسانەی کتێبخانەو فەرمانگەکانی پیرەمەگرونیان سوتاند دەستگیر کران

ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، ئەوانەی لەكاتی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگروندا كتێبخانەو فەرمانگە حكومییەكانیان سوتاند دەستگیركراون و دانیانناوە بەئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی رووبەڕویان كراوەتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند "لەمانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا  لەكاتێكدا ژمارەیەك لە دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون بەمەبەستی خستنەڕووی چەند داواكارییەكی خزمەتگوزاری، لە چوارچێوەی مافی رادەربڕین هەستان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی هێمنانەك بەڵام چەند كەسێكی ڕاسپێردراو  بەپێی بەرنامەیەكی داڕێژراو بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی و بەمەبەستی دروستكردنی ئاژاوە هەستان بە قۆستنەوەی كات و ساتی خۆپیشاندانی بەشێك لە دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون".

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "ئەو كەسانە لەوكاتەدا دەرفەتیان وەرگرت و هەستان بە پەلاماردانی دامودەزگا رۆشنبیری و كلتوری و خزمەتگوزاریەكانی شارۆچكەكە و لەكردەوەیەكی دوور لە نەریتی خەڵكی رەسەنی ناوچەكە، دەستیان كرد بەسوتاندنی یەكێك لە ناوەندە زانستی و رۆشنبیرییەكانی  شارۆچكەی پیرەمەگرون كە ئەویش كتێبخانەی گشتی پیرەمەگرونە  لەگەڵ سەنتەری رۆشنبیری منداڵان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی وەك  بەڕێوبەرایەتی ناحیەو فەرمانگەی هاتووچۆو فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی".

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئاشكراشیكرد لەپای ئەو تاوانەو لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان و پارێزگاری لەڕەوشی گشتی و وەستانەوە بە‌ڕووی هەر كەس و گروپ و تاقمێك كە بیەوێت زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش هێزەكانمان هەستان بە دەستنیشانكردن و دەستگیركردنی ژمارەیەك لەو كەسانەی دەستیان هەبووە لەگۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانی هێمنانەی دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون، تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری  لێكۆڵینەوەی ئاسایش دانیان نا بەئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی رووبەڕویان كرابویەوە،لە ئێستادا لەسەر فەرمانی دادوەر راگیراون بەپێی ماددەی (٣٤٢) لە یاسای سزادانی عیراقی و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

 



PM:08:10:04/01/2022