فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی که‌مپینی گەڕانەوەی شکۆیان بۆ شاری سلێمانی راگه‌یاند

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی كه‌مپینێكیان بە ناونیشانی (گەڕانەوەی شکۆ بۆ سلێمانی) راگه‌یاند و دەڵێن" بار و دۆخێکی وا هاتە ئاراوە هەموو تاکێک ترس و دڵە ڕاوکێیەکی وەهای بۆ دروست ببێت کە دڵنیا نەبێت لە پاراستنی سەر و گیان و ماڵی".

لە ڕاگەیەندراوێکدا فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەربارەی بار و دۆخی ئەم دواییانەی شاری سلێمانی و دەوروبەری ئاماژەیان بەوەکردووە" یەکێک لە پێکهاتە و سیما گرنگەکانی شار بە مانا مۆدێرنەکەی بریتیە لە سەروەربوونی یاسا و ئازادی گشتی و دادپەروەری بۆ هەمووان هاوشان لەگەڵ سەقامگیری ئابووری و ئەمنی، کە ئەمانە کۆڵەکەی گرنگی شارن لە تەک کۆڵەکەکانی دیکەی پێک هێنانی شاردا بە مانا سیاسیەکەی". 

ئەوەشیان خستەڕوو، بەدەر لە دۆخی چەقبەستوی هەرێمی کوردستان بەدەر لەو هەموو کێشە و گیر و گرفتانەی یەخەی هەرێمی کوردستانی گرتوە لەسەر و هەموویانەوە شکاندنی شکۆی مرۆڤ و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ کە لە ڕاپۆرتە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێکخراوە نێودەولەتی و ناوخۆیەکان ئاماژەی پێدەکرێت و لەکۆتا ڕاپۆرتی تایبەتی یۆنامی تیشک خراوەتە سەر سەرجەم پێشێلکاریەکان بە مافی مرۆڤ لەم هەرێمەدا بە گشتی، هاوکات لەپاڵ هەموو ئەوانەدا بار و دۆخی ئەمنی و ئابوری پارێزگای سلێمانی لەم ماوانەی دوایدا وایکرد ناوچەکانی سلێمانی و دەورو بەری سیمای شارستانیەت و ڕۆشنبیری لەدەست بدەن کە ئەم ناوچەیەی پێ دەناسرایەوە وە لە ئەنجامیشدا بار و دۆخێکی وا هاتە ئاراوە هەموو تاکێک ترس و دڵە ڕاوکێیەکی وەهای بۆ دروست ببێت کە دڵنیا نەبێت لە پاراستنی سەر و گیان و ماڵی. 

دەشڵێن" بەداخێکی زۆرەوە ئەوەی جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەلی مەدەنی بریتیە لەو بێدەنگیەی کە سەرجەم دام و دەزگا فەرمیەکان و لێپرسراوی یەکە کارگێڕیەکانی ئەم ناوچەیە هەڵیانبژاردوە کە تائێستا کەس نازانێت ڕۆڵ و هەڵوێستی حوکمەتی خۆجێی ئەم ناوچەیە چی بووە بۆ ڕێگری کردن و دووبارەنەبوونەوەی بارودۆخەکان و بە سزاگەیاندنی تاوانباران". 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوی كه‌مپینه‌كه‌:

که‌مپینی گەڕانەوەی شکۆ بۆ سلێمانی

بەیاننامەی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بۆ ڕای گشتی دەربارەی بار و دۆخی ئەم دواییانەی شاری سلێمانی و دەوروبەری، بۆ سەرجەم دام و دەزگا حوکومی و حیزبیەکانی ئەم ناوچەیە.

یەکێک لە پێکهاتە و سیما گرنگەکانی شار بە مانا مۆدێرنەکەی بریتیە لە سەروەربوونی یاسا و ئازادی گشتی و دادپەروەری بۆ هەمووان هاوشان لەگەڵ سەقامگیری ئابووری و ئەمنی، کە ئەمانە کۆڵەکەی گرنگی شارن لە تەک کۆڵەکەکانی دیکەی پێک هێنانی شاردا بە مانا سیاسیەکەی.

بەداخەوە بەدەر لەدۆخی چەقبەستوی هەرێمی کوردستان بەدەر لەو هەموو کێشە و گیر و گرفتانەی یەخەی هەرێمی کوردستانی گرتوە لەسەر و هەموویانەوە شکاندنی شکۆی مرۆڤ و پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ کە لە ڕاپۆرتە یەک لەدوای یەکەکانی ڕێکخراوە نێودەولەتی و ناوخۆیەکان ئاماژەی پێدەکرێت و لەکۆتا ڕاپۆرتی تایبەتی یۆنامی تیشک خراوەتە سەر سەرجەم پێشێلکاریەکان بە مافی مرۆڤ لەم هەرێمەدا بە گشتی، هاوکات لەپاڵ هەموو ئەوانەدا بار و دۆخی ئەمنی و ئابوری پارێزگای سلێمانی لەم ماوانەی دوایدا وایکرد ناوچەکانی سلێمانی و دەورو بەری سیمای شارستانیەت و ڕۆشنبیری لەدەست بدەن کە ئەم ناوچەیەی پێ دەناسرایەوە وە لە ئەنجامیشدا بار و دۆخێکی وا هاتە ئاراوە هەموو تاکێک ترس و دڵە ڕاوکێیەکی وەهای بۆ دروست ببێت کە دڵنیا نەبێت لە پاراستنی سەر و گیان و ماڵی.

ئێمە لێرەدا بە پێویستی دەزانین هەر بۆ بیرخستنەوە تیشک بخەینە سەر هەندێک لەو نمونانەی ڕویانداوە و کەوتونەتە بەرچاوی کامێرا و کەوتونەتە سەر تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەدەر لە چەندین حاڵەتی دیکە کە لەوانەیە لە نهێنی و پەنهاندا ڕویاندابێت و کەس پەی پێ نەبردبێ بە نمونە:-

1- هەڵکوتانە سەر کاسبکار لە شوێنی کارکردنەکەیدا و بە بەرچاوی خەڵکەوە بە ڕۆژی نیوەڕۆ لێدان و سوکایەتی پێکردن لەلایەن هێزی چەکدارەوە بە جل و بەرگی فەرمیەوە .

2- بەکارهێنانی هێزی چەکداری فەرمی لەلایەن هەندێک بەرپرس و منداڵەکانیانەوە بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە کەسی و تایبەتیەکانیان هەتاوەکو کاربگاتە ئەوەی منداڵی بەرپرس بتوانێت ئارامی شەوەزەنگی شار تێک بدات و بە چەکی قورس ڕووبەڕووی هێزی فەرمی حوکمەت ببێتەوە و چەکی قورس بەکاربهێنێت کە ئەو هێزانە ئەرکیان جێ بە جێ کردنی یاسا و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هاوڵاتیانە.

3- منداڵی بەرپرسێکی حیزبی چاونەترسانە پەلاماری چەک بدات و ببێتە هۆی گیان کێشانی ڕوحی گەنجێکی خێر لەخۆنەدیو کە بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی بووەتە پاسەوان.

4- بەکارهێنانی هێزی فەرمی بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەی نێوان دوو کۆمپانیا کە خاوەنەکانیان منداڵی بەرپرسی حیزبی یاخود حوکمین .
5- کوشتنی ئەفسەری سەر بەوەزارەتی ناوخۆ لە ڕووبەرووبوونەوەی چەکداری دوو هێزی سەربەیەک حیزب.

6- شەهیدکردنی کارمەند و ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ کە بۆ پاراستنی ژنان و ڕێگری کردن لە بەکارهێنانی توند و تیژی دژی ژنان گیانی خۆی بەخت کرد و بەداخەوە بکوژانیش هەڵهاتون و تا ئیستاش دەستگیر نەکراون.

7 - ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و ڕەشبگیری و تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی خوێندکاران و بریندارکردنی خوێندکاران و کەسانی سیڤل و گرتن و شەق تێ هەڵدانیان لەلایەن هێزی چەکداری فەرمیەوە .

8- هەڵکوتانە سەر خوێندگەیەک لەلایەن کۆمەڵێک چەکداری ناسراوەوە کە بە جل و بەرگی فەرمیەوە زۆر بێ شەرمانە پەلاماری باوکی خوێندکارێک دەدرێت بە بەرچاوی خوێندکارەکەوە و لێی دەدرێت لە ئەنجامی شەڕێکی ئاسایی نێوان دوو خوێندکاری مێردمنداڵ.

9- بەداخەوە ئەگەر ئەم دیاردانەی سەرەوە چارەسەر نەکرێت و بن بڕ نەکرێت دەبێت چاوەڕێی نمونەی دەیەم و یانزەیەم و دوانزەیەم و ...هتد بین.

بەداخێکی زۆرەوە ئەوەی جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەلی مەدەنی بریتیە لەو بێدەنگیەی کە سەرجەم دام و دەزگا فەرمیەکان و لێپرسراوی یەکە کارگێڕیەکانی ئەم ناوچەیە هەڵیانبژاردوە کە تائێستا کەس نازانێت ڕۆڵ و هەڵوێستی حوکمەتی خۆجێی ئەم ناوچەیە چی بووە بۆ ڕێگری کردن و دووبارەنەبوونەوەی بارودۆخەکان و بە سزاگەیاندنی تاوانباران.

بەداخەوە ڕۆڵ و هەڵوێستی داواکاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری ئەم ناوچەیە لە ئاستی پێویستدا نەبووە و ڕۆڵێکی کارایان نەگێڕاوە بۆ ڕێگری کردن و دووبارە نەبوونەوەی بار و دۆخەکان، ناکرێت بە ناوی پاراستنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییەوە دادگاکان بێ دەنگی هەڵبژێرن لەم هەموو پێشلکارییە یاساییانەی کە دەکرێت وە هیچ قسە و لێدوانێکیان نەبێت لەسەر ئەوەی ڕۆژانە لە ڕاگەیاندنەکان و سۆشیاڵ میدیاوە چەندین هەواڵی سەیر و سەمەرە دەبیسترێت لەسەر دەستگیرکردن و ئازادکردن لەدەرەوەی دەسەڵاتی دادوەری و بە فەرمانی فڵان بەرپرسی حیزبی و فیسار بەرپرس، هەروەها ناشکرێت دەسەڵاتەکانی داواکاری گشتی تەنها لە جولاندنی سکاڵا و ڕۆتیناتی کارگێڕی کورت بکرێتەوە و لێپرسراویەتی مێژووی لە ئەستۆی خۆیان دووربخەنەوە.

جێگەی نیگەرانی قوڵی ئێمەیە هەروەک چۆن خۆمان بەکەمتەرخەم و بێ دەنگ دەزانین لەئاست ئەو هەموو ڕوداوانەدا بەداخەوە بێ دەنگی سەرجەم توێژەکان برینەکانی قوڵتر کردۆتەوە وە هیچ توێژێک نابینرێت کە پرۆتستۆی بارودۆخەکە بکەن و هەرهەموویان بێ دەنگیان هەڵبژاردوە هەر لە (توێژی دادوەران و داواکاری گشتی و مامۆستایان و زانایانی ئاینی و مامۆستایانی زانکۆ و پارێزەران و پزیشکان و کاسبکارانەوە بیگرە بۆ سەرجەم توێژەکانی دیکە)، بەداخەوە ئەم بێ دەنگیە گشتیەش ئەوەندەی لە بێ هیوابوون و بێ ئومێدی گشتیەوە سەرچاوەی گرتوە ئەوەندە ڕازی بوون نیە بە بارو دۆخەکە.

وە جێگەی داخ و نیگەرانیەکی زۆر زۆرە کە سەرجەم حیزبەکان و بە تایبەت ئەو حیزبانەی پێگەی جەماوەرییان لەم ناوچەیەدایە هیچ هەڵوێستی جدیان لێ بە دی نەکراوە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و ئاستی باڵای حیزبەکانیان کە پێویست بوو هەلوێستی جدیان هەبووایە هەتا ڕادەی هەڵپەساردنی سەرجەم پەیوەندیەکانیان لەگەل لایەنی بەرپرس لەم بارودۆخە، هەروەک ئاشکرایە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان حیزبێکی خاوەن هێزی چەکدارە لەم ناوچەیە بۆیە ڕووی دەممان دەکەینە کەسانی بڕیاردەر و سەرکردایەتی ئەو حیزبە سەرجەم لێپرسراویەتی مرۆیی و ئەخلاقی و مێژووی دەکەوێتە سەر شانیان بۆ ڕاگرتنی ئەو بارو دۆخە و ڕێگەنەدان بەدووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە دیاردانە و و بە سزا گەیاندنی تۆمەتباران لە ڕێگەی یاساوە.

جگە لە لێدوان و هەڵوێستی زارەکی بەپرسانی باڵای ئەو حیزبە، لەسەر ئاستی واقیع هیچ هەڵوێستێکی جدی نەبینراوە ئەگەر وانیە و بە پێچەوانەوەیە فەرموون دەست نیشانی بکەن چەند کەس بە دادگایی گەیەندراون لەو ڕووداوانەی باسکرا و وەک نمونە خرایە ڕوو، فەرموو پێمان بڵێن چەند بەرپرسی باڵای حیزبی لەسەر بەکارهێنانی هێزی چەکدار ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی حیزبی و حوکمی بووەتەوە و ئەنجامەکەی ئاشکرا بکەن بۆ ڕای گشتی پێمان بڵێن دۆسیەی دادگایی کردنیان بە کوێ گەیشتوە ؟

سەرەڕای ئەو نەهامەتیانەی باسکران ڕوداوی کۆچی ناچاری هاوڵاتیانی بەش مەینەت و عەوداڵ بە دوای پاراستنی کەرامەت و شکۆی مرۆڤایەتیدا لەم هەرێمە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە کە کارەساتی مرۆیی و گیانلەدەست دانی بە کۆمەڵی لێکەوتۆتەوە و زۆربەی قوربانیەکانیش دانیشتوی سلێمانی و دەورو بەری بوون بە هەما شێوەی ڕووداوەکانی دیکە هیچ هەڵوێستێکی جدی نەبینرا بۆ بە دواداچوون و توێژینەوە لەو بار و دۆخە نەخوازراوە نە لەسەر ئاستی حیزبی نە لەسەر ئاستی حوکومی.

ئێمە لێرەدا کلیلی چارەسەریەکان دەخەینە بەردەستی سەرجەم لایەن و کەسانی بەرپرسیی حوکمی و حیزبی لەم ناوچەیە، ئەگەر بەتەنگ ئەم ناوچەیە و ئەم ئازادی و ئەم ئەزموونەوە هەن فەرموو هەڵوێستی جدی و هەنگاوی کرداری بگرنە بەر بۆ بەسزاگەیاندنی هەرکەسێک لە هەر پلە و پۆستێکی حوکمی یاخود حیزبیدا بێت بە بێ جیاوازی لە هەر لایەک بێت کە هەستاوە بە پێشێلکاری یاسا یاخود هەلدەستێت بە پێشێلکاری یاسا و شکۆ و کەرامەتی مرۆڤ لەکەدار دەکات ئەگەر ئەم کارە ناکان ڕوونی بکەنەوە بۆ ڕای گشتی کە چ شتێک هۆکار و ڕێگرە لە ئەنجامدان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی، جەخت لەوە دەکەینەوە کە نەگرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و دەستگیر نەکردنی تۆمەتباران و ڕادەست نەکردنیان بە دادگاکان هۆکارێکە بۆ لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتیان بە هێزە ئەمنیەکان و دادگاکان و لە ئەنجامدا ئەمە سەردەکێشێت بۆ زیادبوونی تاوان و کردەوەی تاوانکاری.

ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کە کار و چالاکی زۆربەی زۆری ڕێکخراوەکانی ناو فیدراسیۆن لەم ناوچەیەدایە بە تەنگ ئەو تروسکە و پەراوێزە ئازادیەوەین کە ئەم ناوچەیەی پێ دەناسرایەوە بۆیە پاڵپشتی لە هەر هەوڵێک دەکەین کە بە ئاڕاستەی فراوانکردنی ئەو تروسکاییەوە بێت.

ئەگەر کارێکی لەو جۆرە نەکەن لەسەر ئاستە جیاوازەکانی حوکمی و حیزبی ئەوا سبەی ڕۆژ لەبەردەم خودا و خەلک و مێژودا لێپرسراویەتی یاسایی ئەخلاقی دەکەوێتە سەر شانتان لە هەر چارەنوسێکی نادیار کە چاوەڕێی ئەم میللەتە و ئەم دەڤەرە و ئەم هەرێمە دەکات.

ئێمە وەک فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکان داوا لەسەرجەم هاوڵاتیانی خەمخۆر لەسەرجەم توێژەکان دەکەین پاڵپشتی ئەم هەڵمەتەمان بکەن کە بەناوی (هەڵمەتی گەڕانەوەی شکۆ بۆ سلێمانی) بۆ شەرمەزارکردن و پرۆتستۆکردنی هەرکردەوەیەکی نامەدەنیانە کە لەگەڵ سیمای شارستانیەت و پێکهێنەرەکانی شار بە مانای شارێکی مۆدێرن یەکناگرێتەوە، وە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر فشارەکانمان لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا.


PM:06:44:08/01/2022