یەكێتی بە پۆست، قەرەبووی بزووتنەوەی گۆڕان دەكاتەوە

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەنیازە بە پێدانی پۆست لە بەغداد یان هەرێمی كوردستان قەرەبووی بزووتنەوەی گۆڕان بكاتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگاداری یەكێتییەوە بە (سپی) دراون، دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا كە لەگەڵ یەكێتی پێكەوە بەشداربوون نەیتوانی هیچ كورسییەك بەدەست بهێنێت، یەكێتی بەنیازە لە حكومەتی نوێی عێراق یان لە هەرێمی كوردستان بە پێدانی پۆست قەرەبووی بزووتنەوەی گۆڕان بكاتەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، ئەو وەفدەی یەكێتی و پارتی كە ئێستا لەبەغدان، وەفدی یەكێتی بە ناوی وەفدی (هاوپەیمانی كوردستان)ەوە قسە دەكەن كە یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕانن، پاشان بزووتنەوەی گۆڕان كە هیچ كورسییەكیشی لە هەڵبژاردن بەدەست نەهێناوە، یەكێتی لە حكومەتی نوێی عێراق یان لە هەرێمی كوردستان بە پۆست قەرەبووی گۆڕان دەكاتەوە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە لە رۆژی ١٠ی مانگی ١٠ی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، هاوپەیمانی كوردستان (١٧) كورسی بەدەستهێنا كە بەهۆی یاسای نوێی هەڵبژاردنەوە لە سەرجەم كورسییەكیاندا كاندیدانی یەكێتی سەركەوتن.


AM:10:30:09/01/2022