پەرلەمانتارێکی یەکێتی هۆکاری بەشدارینەکردنی فراکسیۆنەکانی ئاشکرا کرد


پەرلەمانتارێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان هۆکاری بەشدارینەکردنی فراکسیۆنەکەیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەماندا ئاشکرا کردو دەڵێت " نامانەوێت ببینە بەشێک لەکێشەکانی ناو ماڵی شیعە و لایەنەکانی تر".

 کاروان یاروەیس پەرلەمانتاری ئەم خوولەی پەرلەمان بە تەلەفزیۆنی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە" ئەوان نەیانویستووە لەگەڵ لایەنێک بن دژی لایەنێکی تر و بەرچاومان روون نەبووە، بۆیە بەشدارییان نەکردوە".

لای خۆشیەوە غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە" پێشوتر هەردو شاندی پارتی و یەکێتی لەبەغدا رێککەوتون کە نابێت کورد ببێتە  بەشێک لەکێشەکانی ناو ماڵی شیعەکان لەسەر پرسی فراکسیۆنی زۆرینە، بەڵکو پێویستە هانی هەردولا بدەن بە یەکەوە رێککەوتن بکەن، "ئێمەش وەک فراکسیۆنی یەکێتی پابەندی ئەو بنەمایە بوین و بایکۆتی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کرد".

هەروەها ئەوەشی خستۆتەڕوو کە فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری کۆبونەوەکەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ناکات، چونکە باوەڕی وایە یەکلاییکردنەوەی پۆستە سیادییەکان پێویستە لەنێوان پێکهاتەکان خۆیاندا یەکلایی بکرێتەوە دواتر لەپەرلەمان دەنگیان لەسەر بدرێت.

پرۆسەی دەنگدانی سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی هات و محەمەد حەلبوسی توانی ٢٠٠ دەنگ بەدەستبهێنێت و مەحمود مەشهەدانی تەنها ١٤ دەنگ و دەنگی پووچیش تەنیا ١٤ دەنگ بوو، ئێستا دەنگدان بۆ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان ئەنجام دەدرێت. 



PM:08:42:09/01/2022