" بەهۆی رێككەوتنی پارتی و سەدر، نێوانی یەكێتی و پارتی گرژی تێكەوت "


بەهۆی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و رەوتی سەدر رێككەوتنیان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردووە، وەفدە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی لەبەغدا هەڵوەشایەوە و نێوانی ئەو دوو حیزبەش بەرەو گرژی دەڕوات.

ئەمشەو لەدانیشتنی پەرلەمانی عێراق، پارتی بەشداریكرد و دەنگی بە محەمەد حەلبوسی، كاندیدی هاوپەیمانی (تەقەدوم و عەزم) داوە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، بەپێچەوانەوە یەكێتی نیشتمانی بەشداری نەكرد.

بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگاداری یەكێتی بۆ (سپی) لەبەرئەوەی پارتی بێ ئاگاداری ئەوان رێككەوتنی لەگەڵ رەوتی سەدر كردووە بۆ چۆنیەتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و دوای زانینی ئەو رێككەوتنە لەلایەن یەكێتییەوە، وەفدە هاوبەشەكەیان لە بەغدا هەڵوەشایەوە و ئێستا هەریەكە و بە جیا كاری خۆیان دەكەن.

ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە، پێشتر لەكۆبوونەوەی هەردوو مەكتەب سیاسیدا پارتی بە یەكێتییان راگەیاندووە، ئەوان لەگەڵ رەوتی سەدر تەنها لێكتێگەیشتنیان هەیە و هیچ رێككەوتنێكیان ئیمزا نەكردووە، بەڵام ئێستا ئاشكرابووە كە رێككەوتنیان كردووە.

ئەو سەرچاوەیە وتی "ئەو رێككەوتنی پارتی و سەدر تەنها بۆ نێوانی ئەوان و پارتی خراپ نییە، بەڵكو لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقیش مەترسیدارە، لەبەرئەوەی هێشتا شیعە لەنێو خۆیاندا لەسەر كاندیدی پۆستەكان و كوتلەی زۆرینە یەكلایی نەبوونەتەوە، بەڵام پارتی ئەو رێككەوتنەی كردووە".

ئەوە لە کاتێکدایە کە پارتیش بە نافەرمی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە یەکێتی لەگەڵ چوارچێوەی هاوپەیمانی نزیکی ئێران رێککەوتووە.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا رەوتی سەدر بەسەرۆكایەتی موقتەدا سەدر 73 كورسی بەدەستهێنا و بووە براوەی یەكەم، لە سوننەكانیش هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی بە 37 كورسی براوەی دووەمە، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی بە 33 كورسی چوارەم و پارتیش بە 31 كورسی پێنجەمە، هەموو كاتیش سەدر رایگەیاندووە كە دەیەوێت حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێك بێنێت.



PM:09:10:09/01/2022