بە هەڵبژاردنی شاخەوان عەبدوڵا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆتایی هات

لە دوا هەنگاوی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، شاخوان عەبدولآ کاندیدی پارتی توانی ١٨٠ دەنگ بەدەستبهێنێت و سەرکەوێت بەسەر سروە عەبدولواحید کاندیدی ئۆپۆزسیۆن کە ٣٣ دەنگی بە دەستهێنا، بەمەش رێککەوتنی نێوان سەدر و حەلبوسی و بارزانی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان وەرگرت.

پاش رۆژێکی چڕ لە دواخستن و ناکۆکی و بارگرژی، لە ئەنجامدا بە رێککەوتنی سەدر و حەلبوسی و بارزانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و یەکێتی چوونە دەرەوەی کۆبوونەوەکان و بەشداری دەنگدانیان نەکرد.

حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆ کاندیدکردنی بۆ سەرۆکی عێراق بۆ ماوەی ١٥ رۆژ کردەوە.

لە دوای قسەکانی سەرۆکی نوێی ئەم خوولەی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی بەبۆنەی سەرکەوتنی خۆی و دوو جێگرە شیعە و کوردەکەیەوە، حەسەن عەزاری وەک سەرۆکی تەیاری سەدری ناوی گەورەترین کوتلەی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان ٩٠ ئەندام پەرلەمانن.

لە دوای ئەم دانیشتنەوە، ئەو سێ لایەنە دەست بەگفتوگۆکان لە نێو خۆیان و لەگەڵ لایەنەکانی تر دەکەن بۆ دیاریکردنی سەرۆکی عێراق و سەرۆکی حکومەت.

لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمڕۆ ٩ ی کانوونی دووەمدا بەپێی قسەی چاودێران رێککەوتنی سەدر و حەلبووسی و بارزانی کە بە هاوپەیمانێتیەکی نزیک سونەکانی ناوچەکە و ئەمەریکا بە ناراستەوخۆ ناسراوە توانی سەرکەوتن بە دەستبهێنێت و هەرچی ئاراستەی ئێرانە کە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناسراوە، پاشەکشەی کرد. 


 

PM:11:12:09/01/2022