مەکتەبی سیاسی یەکێتی سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی (بەرهەم ساڵح) بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان لە ماڵی بافڵ تاڵەبانی کۆبوونەوە و بە كۆی دەنگ بڕیاریاندا جارێکی دیکە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق کاندید بکەنەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار وەک کاندیدی یەکێتی. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" پاش ئەوەی بافڵ تاڵەبانی لە بەغداد گەڕایەوە ئەمڕۆ بڕیار درا کە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دەباشان بەسەرپەرشتی هاوسەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی ساز بکرێت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی یەكێتی بێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق". 

سەرچاوەکەی سەرکردایەتی یەکێتی لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا باسی لەوەشکرد، هەر لە بافڵ تاڵەبانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە تێبینی و سەرنجیان هەبووە لەسەر ئەدای بەرهەم ساڵح، بەڵام هەموویان کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە ئەو تێبینی و ڕەخنانەیان هەڵگرن بۆ دوای ئەم شەڕە سیاسییەی کە ئێستا ڕووبەڕووی یەکێتی بۆتەوە، هەر بۆیە یەکێتی سوورە لەسەر کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق. 

كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق لە كاتێكدایە، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی خولی پێنجه‌می ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو، کە تیایدا محه‌مه‌د حه‌لبوسی به‌ (٢٠٠) ده‌نگ وەک سه‌رۆکی پەرلەمان و حاكم زاملی به‌ (١٨٢) ده‌نگ به‌ جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك و شاخه‌وان عه‌بدوڵا به‌ (١٨٠) ده‌نگ به‌ جێگری دووه‌می سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هه‌ڵبژێردران. 

هاوکات ئەمڕۆ دووشەممەش سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە، کە ماوەی خۆ كاندید كردن تەنها (١٥) ڕۆژە.


PM:10:54:10/01/2022