لە کۆبوونەوەی ئەمشەوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کاندیدی سەرۆک کۆماری پێ یەکلایینەکرایەوە

دوای کۆبوونەوەیەکی درێژی ئەمشەوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە دەباشان نەیتوانی پرسی کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان لەتیف رەشید و بەرهەم ساڵح دا یەکلایی بکاتەوەو بڕیار لەسەر یەکێکیان بدات.

هەرچەندە بڕیار بوو ئەمشەو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلایی بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەش ئەو كاندیدەیان یەكلایی نەكردەوە و جارێكی دیكە شاندی یەكێتی دەچنەوە بەغدا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئەمشەوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە (سپی)ی راگەیاند، ئەمشەو نەیانتوانی كاندیدی فەرمییان بۆ سەرۆك كۆمار یەكلایی بكەنەوە و وتی "تائێستا لەنێو یەكێتیشدا چانسی كاندیدكردنەوەی د.بەرهەم ساڵح بۆ پۆستەكە 50%یە، چونكە ئێستا د.لەتیف رەشیدیش خۆی كاندید كردووە، بۆیە جارێكی دیكە شاندی یەكێتی سەردانی بەغدا دەكەنەوە بۆ تاوتوێی دۆخەكە و زانینی هەڵوێستی شیعە بۆ دەرچوونی كاندیدی یەكێتی".

ئەو سەرچاوەیە وتی "ئەگەر توانیان بە كاندیدكردنەوەی د.بەرهەم پۆستەكە بەدەست بێننەوە ئەوا كارێكی باشە، ئەگەریش بزانن د.بەرهەم ناتوانێت دەنگی پێویست بەدەست بێنێت هەوڵ دەدەن كاندیدەكە بگۆڕن".

دەربارەی ئەوەی د.لەتیف رەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد كاندیدی فەرمی یەكێتییە بۆ سەرۆك كۆمار، سەرچاوەكە روونیكردەوە، نەخێر د.لەتیف تەنها بەناوی خۆیەوە خۆی كاندید كردووە، بەڵام چانسی كاندیدبوونیشی وەك یەكێتی دەبێت، چونكە هەم یەكێتییە و هەمیش كوردە.

سەبارەت بە هەڵوێستی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ كاندیدكردنەوەی د.بەرهەم ساڵح، ئەو سەرچاوەیە وتی "هەرچەندە تائێستا بافڵ تاڵەبانی، هەڵوێستی بەڕوونی رانەگەیاندووە، بەڵام پێناچێت لەگەڵ كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح بێت، چونكە دڵنیانییە لە دەرچوونەوەی".

دەربارەی ئەوەش ئەگەر بێتوو بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كە خۆی كاندید كردووە بكەونە ركابەرییەوە كامیان سەردەكەون، سەرچاوەكە وتی "ئەگەر وەك هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان بێت، بێگومان هۆشیار زێباری دەیباتەوە، چونكە بەپێی رێككەوتنەكەی نێوانیان، سەدر ناتوانێت دژی كاندیدی پارتی بێت".

وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد، ئەوا تا چەند رۆژێكی دیكەش كاتیان لەبەردەستدا ماوە بۆ یەكلاییكردنەوەی كاندیدی فەرمییان، بۆیە جارێكی لەو رووەوە پەلەیان نییە.





PM:10:19:15/01/2022