وەزیری سامانە سرووشتییەكان: تەقینەوەی بۆری نەوتی هەرێم بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە

وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" تەقینەوەی بۆریی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە". 

كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان سەبارەت بە تەقینەوەی بۆری نەوت هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لە دیوی توركیاوە بە میدیاکانی ڕاگەیاند" راپۆرتە سەرەتاییەكان دەریدەخەن تەقینەوەی بۆرییەكە بەهۆی شۆرتی كارەباوە بووە نەك كاری تیرۆریستی".

ئەوەشی خستەڕوو، رووداوەكە شەوی رابردوو روویداوە و قەبارەی ئەو بۆرییەی تەقیوەتەوە (٤٠) ئینجە، تەقینەوەی بۆرییەكە كاریگەری گەورەی نابێت لەسەر هەناردەكردنی نەوتی كوردستان، هەناردەی نەوت تەنیا بەشێوەی كاتی رادەگیرێت. 

ئەتروشی لە بەشێكی تری لێدوانەکەیدا هێمای بۆ ئەوە كردووە، بۆرییەكی دیكەی (٤٦) ئینجی توركیا لە تەنیشت بۆری كوردستانە و تاوەكو چاككردنەوەی بۆری نەوتی كوردستان بۆرییەكەی توركیا بەكاردەهێنن.


AM:10:56:19/01/2022