وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم: دۆخی ئێستای ناوچەكە مەترسیەكی هەستپێكراوە

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بە توندی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆرستییەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سوپای عێراق دەکەین". 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆرستییەی چەكدارانی داعش بۆ سەر سوپای عیراق دەكەین، كە بەهۆیەوە كۆمەڵێك لە جەنگاوەرانی فیرقەی یەك لەناحییەی "عوزێم" لە پارێزگای دیالە شەهیدبوون.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، بەردەوامی ئەم كردەوانە ئەركیان لە پێكەوەیی و بەردەوامی هەمەهانگی و هاوكارییەكان لە راوەدوونانی تیرۆریستان زیاتر دەكات، دۆخی ئێستای ناوچەكە و دەركەوتنەوەی چالاكییە تیرۆریستیەكان و زیندبوونەوەی شانە نووستووەكان مەترسیەكی هەستپێكراوە و هەماهەنگی و رۆڵبینینی سوپای عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە بەدیاریكراوی لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان هەیە،پێویستیەكی هەنووكەییە. 

وەزارەتی پێشمەرگە دوپاتیشی كردووەتەوە، وێڕای ئیدانەكردنی ئەو كارە تیرۆریستییە داوا دەكەن پێداچونەوە و رێوشوێنی جددی بگرێتەبەر بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان و كۆكردنەوەی زانیاری زیاتر لەپێناو راوەدونان و تێكشكاندنی تەواوەتی شانە نوستوەكانی تیرۆریستان.


PM:03:13:22/01/2022