رەفسنجانی: بۆیە داعش ئەو شوێنە فراوانەی گرت، چونکە خەڵک مالکی ناوێت

‌هاشمی رەفسەنجانی - شەفەق نیوز
سەرۆکی پێشووی ئێران هاشمی رەفسەنجانی رایگەیاند" ئەگەر گەلی عێراق لەگەڵ سەرۆک وەزیران نوری مالکی بوایە موسڵ توشی شکست نەدەبوو، ئەگەر دڵ و دەروونی عێراقیەکان لەگەڵ مالکی بوایە داعش کۆنترۆڵی تکریتی نەدەکرد".
ئەم وتانەی رەفسەنجانی لە مەراسیمێکی بەربانگدا دوێنێ ١٦ ی تەموز رایگەیاند کە گەورە کەسایەتییە ئاینی و سیاسییەکانی ئێران بەشداریان تێدا کردو رەفسەنجانی قسەباسی گرنگی لەسەر بارودۆخی ناو ئێران و عێراق کرد، وەک ماڵپەڕی (عەسر ئیران) ئاماژەی بۆ کردوە. 
رەفسەنجانی بەتوندی دژی رەفتارەکانی داعش لەسوریاو عێراق وەستایەوەو وتی" ئیسلامییە توند رەوەکان، تەنها مەترسی نین لەسەر شیعە، بەڵکو مەترسیشن لەسەر خودی سونەش".
لەسەر پرۆسەی سیاسی لەعێراق ئەو وتی" پرۆسەکە بەرەزامەندی ئەمەریکاو ئێران بەڕێوەچوو، بەیارمەتی ئەوانیش دەستور داڕێژراو سەرۆک کۆمار درا بەکوردو سەرۆک وەزیران بۆ شیعەو سەرۆکی پەرلەمان بە سونە سپێردرا".
ئەو وتی "ئێستا توندرەوەکان هەرەشە لەهەموو ئەو دەستکەوتانە دەکەن" و هێرشی کردە سەر هاوپەیمانی یەکەمی خۆیان مالکی و وتی" خەڵک ئەوی پەسەند نییە، کێشە سەرەکییەکانی عێراق و روخانی موسڵ هەمووی مالکی بەرپرسە لێی".
لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی ناو ئێرانیش وتی" ناکۆکی نێوان تەوژمی حجەتی و مەهدەوی هەڕەشەیە لەسەر کەرتبوونی رژێمی ئێرانی".  



PM:06:53:16/07/2014