د.نەجمەدین کەریم ڕوونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

د.نەجمەدین کەریم ئاشکرای دەکات مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاگاداری خۆکاندیدکردنیەتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، دەشڵێت: ئاگادار نیم پارتی دەربارەی کاندیدکردنم بۆ ئەو پۆستە تێبینی ھەبێت.

د.نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ SNN رایگەیاند: مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاگادارە کە من کاندیدم بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق لەبەر ئەوەی ماوەی پێشکەشکردنی کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستە دیاریکراوە، بۆیە سەرۆکایەتی پەرلەمانم ئاگادارکردۆتەوە لەوەی دەمەوێت خۆم بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکەم.
وتیشی: بەڵام بە ھیچ شێوەیەک (سی ڤی) م پێشکەش نەکردووە، چونکە پێشترو لەکاتی خۆ کاندیدکردنم بۆ  پەرلەمانی عیراق (سی ڤی) و بەڵگەکانم  پێشکەش بە پەرلەمان کردووە.

دەربارەی یەکلاییکردنەوەی  کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن مەکتەبی سیاسی یەکێتیەوە، د.نەجمەدین ووتی: دەبێت کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بە ئامادەبوونی کاندیدەکان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەڕێوەبچێت و سەرجەم ئەندامەکان بۆچوونی خۆیان پێشکەش بکەن، بەڵام  جاری وا ھەبووە بە دەنگدان لە مەکتەبی سیاسی بابەتێکمان یەکلایی کردۆتەوە, کەچی دواتر جێبەجێ نەکراوە.

روونیشیکردەوە، ھەموو ھاوڵاتییەکی عیراقی مافی ئەوەی ھەیە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکات ئەگەر مەرجەکانی تێدابێت.
د. نەجمەدین رەتیشیکردەوە ھیچ پرۆژەیەک ھەبێت بۆ پێدانی پۆستی سەرۆک کۆمار بە عەرەب لەبەرامبەر گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەکان بۆسەر ھەرێمی کوردستان، ووتی: ھیچ پرۆژەیەکی لەو شێوەیە بوونی نییە،چونکە سەرۆکی پەرلەمان بە پێکھاتەی عەرەبی سوننە دراوە و پۆستی سەرۆک وەزیرانیش بۆ شیعەکانە، بۆیە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کورد دەبێت.

پارێزگاری کەرکوک ئاماژەی بەوەشکرد، من زۆر خۆشحاڵم بەوەی دانیشتوانی شاری کەرکوک دەیانەوێت لەو شارە بمێنمەوە, راشیگەیاند: کەرکوکییەکان دڵنیادەکەمەوەو پێشتریش بەڵێنم پێدابوون,لە چ شوێنێک بتوانم زیاتر خزمەتیان بکەم, من لەو شوێنە دەبم و ئەگەر لەوە دڵنیانەبم کە لە پۆستەکانی تر خزمەتی زیاترم پێناکرێت، بە دڵنیاییەوە لە پۆستەکەی خۆم (پارێزگاری کەرکوک) دەمێنمەوە.
دەربارەی  ئەو دەنگۆیانەش کە گوایە پارتی دیموکراتی کوردستان تێبینییان لەسەری ھەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق,

د. نەجمەدین ووتی: بەھیچ شێوەیەک ئاگادار نیم پارتی تێبینی ھەبێت لەسەر کاندیکردنم بۆ ئەو پۆستە.
راشیگەیاند: ھیوادارم پارتی پشتیوان و ھاوکارم بێ ئەگەر بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید بکرێم یاخود وەک پارێزگاری کەرکوک بمێنمەوە.





PM:09:32:17/07/2014