خولێک بۆ ئەفسەرانی پێشمەرگە دەکرێتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە خولێكی نوێی ئەركان بۆ ئەفسەرانی پێشمەرگە دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ١ی شوبات سێشەممە،  وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند، "كۆلێژی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارقوڕنە، هەڵدەستێ بە كردنەوەی خولی ئەركان ژمارە ٨ بۆ ئەفسەرانی پێشمەرگە، بەمەبەستی بەرزكردنەوەی توانا و ئاست و بڕوانامەی ئەفسەران، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگە كە لە ۹ ئەفسەری پلە باڵا پێكهاتووە، بە سەرۆكایەتی قارەمان كەمال عومەر، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان".

وتیشی "لیژنەكە لە كۆلێژی ئەركان چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ٦٥ ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە دەست پێكردووە، كە لەنێویاندا ۲۰ تا ۳۰ ئەفسەر هەڵدەبژێردرێن، بۆ بەشداری كردن لە خولەكە".

هەروەها، خولی ئەركان، ئەفسەرانی دەرچووی كولێژە سەربازییەكان، كە هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆسن لە زانستی سەربازی بەشداری تێدا دەكەن، بەتەواو كردنی دەبن بە هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە زانستی سەربازی.



PM:08:46:01/02/2022