ئاماری قوربانیانی هێرشه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی توركیا ڕاگەیەندرا

هێزی پاراستنی جەوهەریی کامپی مەخمور ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی دەوڵەتی تورکیا دوو ئەنداممان شەهید بوون و چەندین هاوڵاتی کامپەکەش لە کاتی بەهاناوەچوونی شەهیدەکان بریندار بوون". 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزی پاراستنی جەوهەریی کامپی مەخمور، کە هێزێکی خۆپاراستنی کامپەکەیە و لە دانیشتووانی کامپی شەهید ڕۆستەم جوودی پێکدێت، ڕاگەیەنەدراوێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی دەوڵەتی تورکیا بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەمدواییانە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی بەرامبەر گەریلا، بەشێوەیەکی نامەردانە و بێ ئەخلاقانە هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی مەخمور، شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، شەوی ڕابرووش لەچوارچێوەی شەڕە چەپەڵەکەیدا، کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی و شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستانی بۆردوومان کرد". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە هێرشەکەی شەوی ڕابردوودا دوو ئەندامی هێزی پاراستنی جەوهەریی شەهید بوون، خەڵکی مەدەنییش کە ویستوویانە بەدەم خزمەکانیانەوە بچن، بوونە ئامانجی هێرشەکە، بەوهۆیەشەوە بە دەیان هاوڵاتی کامپەکە بریندار بوون، لە ئێستاشدا دۆخی بریندارەکان لە ژێر کۆنترۆڵدایە و چارەسەری پزیشکی وەردەگرن.


PM:12:44:02/02/2022