سیروان بارزانی: لە بۆردومانی شەوی رابردووی توركیا 8 كەس گیانیان لەدەستدا


بەرپرسێكی هێزەكانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا  دەوربەری كەمپی مەخمووریان بە هەشت رۆكێت بۆردوومان كردووە و بەو هۆیەوە هەشت كەس گیانیان لەدەستداوە و 15 كەسیش بریندار بوون.
 
شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند ناوچەیەكی لە مەخمور و شنگال لە باشووری كوردستان و دێركی لە رۆژئاوای كوردستان بۆردومان كرد.
 
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری گوێر - مەخموری هێزەكانی پێشمەرگە بە (رووداو)ی راگەیاندووە، باسی ئەو شوێنانەی كرد كە شەوی رابردوو لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە بۆردومان كراون و  وتی "لە دوای شەڕی داعش و رزگاركردنی مەخموور، ژمارەیەك چەكداری پەكەكە لەگەڵ ئاوارەكانی كەمپی مەخمور هاتنە مەخموور و بارەگایەكیان لە رۆژهەڵاتی كەمپەكە هەیە، هەروەها سێ خاڵی سەربازیشیان لە قەرەچوخ هەیە، ئەو شوێنانە كراونەتە ئامانج، هەروەها خاڵی پشكنینی كەمپەكە و تونێلێكیش كراونەتە ئامانج".
 
سەبارەت بە زیانەكانی بۆردومانەكەش لە سنوری مەخموور، سیروان بارزانی روونیكردۆتەوە "بەپێی زانیارییەكانی ئێمە هەشت كەس كوژراون و 15 كەسیش بریندارن، بەڵام بە دروستی نازانین، چەندیان هی خاڵە سەربازییەكانی چیان و چەندیشیان هی بارەگاكەی نێو كەمپەكەن".
 



PM:07:22:02/02/2022