"جینۆسایدکردن و وێرانکارییەکانی قورەیشی کۆتاییان هات"

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان په‌یامێكی له‌باره‌ی كوشتنی ئیبراهیم قوڕه‌یشی بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" جینۆسایدکردن و وێرانکارییەکانی قورەیشی کۆتاییان هات، داعش تووشی شکستێکی دیکە بووەوە".  

مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە تویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵاتی تویتەر ڕایگەیاند" خه‌ڵكی كوردستان به‌ گشتی و به‌ تایبه‌تی ئێزدییه‌كان خۆشحاڵن به‌ لەناوبردنی ئه‌و تیرۆریسته‌". 

ئەوەشی خستەڕوو، جینۆسایدکردن و کردەوە تێکدەرانەکان و وێرانکارییەکانی قورەیشی کۆتاییان هات، داعش تووشی شکستێکی دیکە بووەوە. 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا داوا لە ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات، کە لە پرۆگرامی راهێنان و پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام بن، چونکە هێشتا هەڕەشەی ئەم گروپە تیرۆریستە کۆتایی نەهاتووە. 

پەیامەکەی مەسرور بارزانی لە کاتێکدایە، کە جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمەریکا ئەمڕۆ کوژرانی ئەبو ئیبراهیم هاشم قورەیشى، خەلیفەی دووەمی داعشی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە باکوری سوریا ڕاگەیاند.   


PM:08:34:03/02/2022