٣٠ ھەزار خێزانی ئاوارە لە سلێمانین

لەپاش هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ‌و ناوچەكانی دیكە، ژمارەیەك زۆر هاوڵاتی عەرەب روویان لەهەرێمی كوردستان كردوە‌و لەئێستادا 30 هەزار خێزانی ئاوارە لە سلێمانین.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی لەسەرەتای ساڵی ٢٠٠٣ تائێستا ٣١ ھەزارو ٩٦٤ خێزان لە کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی تۆمارکراون، لەو رێژەیەش لە بەرواری ٨/٦ی ئەمساڵ تاکو ئێستا ٩ ھەزارو ٧٠٠ خێزان لەبەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی تۆمارکراون.

سەبارەت بە دۆخی پەنابەران لە سلێمانی، عوسمان مستەفا بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی بە SNNی راگەیاند، ئەو کاتەی دەست بەسەر پارێزگای موسڵ و سەلاحەدیندا گیرا پارێزگاری ساێمانی بەخێرایی کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا سێ ھێڵ بۆ پێشوازی ئەو ئاوارانە بکرێتەوە (ئەو ئاوارانەی سنوری ھەولێر دەبرن لە ئیدارەی راپەرین نیشتەجێ دەکرێن، ئەوانەی لە سەلاحەدین و موسڵەوە دێن و سنوری کەرکوک دەبرن لە نزیک چەمچەماڵ نیشتەجێ دەکرێن، ئەو ئاوارانەی کە لە سنوری ئەنبارو دیالە بەھۆی رووداوەکانی سەعدیەو جەلەولا دێنە ھەرێمی کوردستان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێ دەکرێن)، دوای ئەوە بەرێوەبەرایەتییەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و چەمچەماڵ رەزامەندیان نیشاندا بۆ دابینکردنی زەوی بۆ ئەوەی کەمپیان بۆبکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە رێکخراوەکان پێیان راگەیاندین حکومەتی عیراقی تائێستا رەزامەندی نەداوە لەسەر کردنەوەی کەمپ بۆ ئەو ئاوارانە، لەکاتێکدا ئەگەر کەمپ نەکرێتەوە ئەو ئاوارانەش کۆنترۆڵ ناکرێن.



AM:10:10:19/07/2014