سەبارەت بە دامەزراندنی دوو كوڕی عەبدوللەتیف سەلەفی، روونكردنەوە دەدرێت


وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رەتیدەكاتەوە دوو كوڕی عەبدوللەتیف سەلەفی، یەكێكە لە رابەرانی رەوتی سەلەفی دامەزرابن، بەڵام دەڵێت، ئەو دوو كەسە لەجێگای دوو كەس دانراون كە بەویستی خۆیان وازیان هێناوە، بە پێی مەرج و رێنمایی گرێبەستیان بۆ كراوە.

ئەمڕۆ لە بەشێك لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە دوو كوڕی عەبدوللەتیف سەلەفی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرچووە.

لەو بارەیەوە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە،  لەئێستادا ھیچ دامەزراندنێكی  نوێ لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ھیچ كەسێك نییە و وتویەتی "ئەوەی كە ھەیە ( گرێبەستە) بەكاتی لە( جێگادانان ) ئەویش بەھۆی وازھێنان یان دابرانی كارمەندێكی گرێبەستەوە دەبێت بەھەمان بروانامە، ئەو دوو بەڕێزەی ناویان ھێنراوە لەجێگای دووكەس دانراون كە بەویستی خۆیان وازیان ھێناوە، بە پێی مەرج و رێنمایی گرێبەستیان بۆ كراوە".

وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەكردووە "ئەم لەجێگادانانەی  كارمەندی گرێبەست، بەپێ پێویست بەشێوەی كاتی لەھەموو وەزارەتەكان بەردەوام پەیرەو دەكرێت، بۆ بەرچاو روونی لە ماوەی ساڵی رابردوو تا ئێستا (شەست) حالەتی لە جێگادانان لە وەزارەتمان كراوە، ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت  بەپێی رێنماییە كارگێڕییەكان".



PM:09:24:08/02/2022