شاباز زەمانی لەبارەی شەڕەکەی دوێنێ شەوی رەیحانەوە رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

گۆرانیبێژی دیاری باشووری کوردستان شاباز زەمانی، دەربارەی شەڕەکەی دوێنێ شەوی کافتریای رەیحانەوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" داوای یاسایی تۆمار دەکەم".

شاباز لە روونکردنەوەیەکدا لە ستۆری ئینستاگرامەکەی ڕایگەیاند" شەڕە تەقەکە لە نێوان کارمەندانی دوو کۆمپانیای سکیوریتیدا بووە و پەیوەندی بە منەوە نەبووە".

ئەوەی خستەڕوو، من و ستافەکەم لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی وتەمان لێوەرگیراوە و بێ تاوانیمان سەلمێندراوە.

جەختیشیکردەوە، سکاڵای یاسایی دژی سەرجەم ئەو پەیج و میدیایانە تۆمار دەکەم، کە ئەو هەواڵە ناڕاستەیان بڵاوکردووەتەوە. 

ئەمڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى پارێزگاى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو لە کاتی بەڕێوەچوونی لایڤ موزیکی شاباز زەمانی لە کافتریا و رێستۆرانی رەیحانە، شه‌ڕ و گرژى دروستبوو لە ئەنجامدا هاوڵاتییه‌ك بریندار بوو، ده‌ستبه‌جێ مه‌فره‌زه‌كانى بنكه‌ى پۆلیسى ڕزگارى گه‌یشتنه‌ شوێنى ڕوداوه‌كه‌ و توانرا تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستگیربكرێت و ده‌ستیش بگیرێت به‌سه‌ر چه‌كێكى جۆرى ده‌مانچه‌ كه‌ تۆمه‌تباره‌كه‌ ته‌قه‌ى پێكردبوو.

شاباز زەمانی ساڵی ١٩٩٠ لە سلێمانی لەدایك بووە، ماوەی چەند ساڵێكە دەستی بە ئەنجامدانی كاری هونەری كردووە و خاوەنی چەند كلیپێكە پێشتر زیاتر لە شەوە ئاھەنگ و کۆنسێرتەکان بەرھەمە ھونەرییەکانی پێشکەش دەکرد. 


PM:07:06:10/02/2022