روونبین: هەناردەی نەوتی هەرێم لە مانگی ڕابردوو زیاتر لە (٤٥٠) هەزار بەرمیل بووە

ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت ئەمڕۆ هەینی ١١ی شووباتی ٢٠٢٢ ڕاپۆرتی مانگانەی نەوتی بارکراوی هەرێم بۆ مانگی ڕابردوو بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە مانگى کانوونی دووەمی ئەمساڵ رۆژانە زیاتر لە (٤٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە و بە حەوت وڵات فرۆشراوە". 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافییەت لە پرۆسەکانی نەوت، لەمانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ نەوتی بارکراوی هەرێم لە بەندەری جیهانەوە لە رێی (٢٠) کەشتی قەبارە جیاوە بارکراوە، کە بۆ حەوت وڵاتی جیا ڕۆشتووە، کۆی نەوتی بارکراو لە ماوەی ئەو مانگەدا بریتی بووە لە (١٣.٩٧٠.٤٧٩) بەرمیل، کە بەتێکڕا رۆژانە (٤٥٠.٦٦٠) برمیل نەوت بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە" لە مانگی ڕابردوودا یۆنان زۆرترین نەوتی هەرێمی کڕیووە و بە پلەی یەکەم دێت کە بڕی (٤،٢٨٤،٧٥٨) بەرمیل بووە بەڕێژەی (٣٠٪) هەموو نەوتی بارکراو بووە، بەپلەی دووەم وڵاتی ئیتالیا دێت بڕی (٣،٧٧٨،٢١٢) بەرمیل بووە کە رێژەی (٢٧٪) پێک دەهێنێت، لە ریزبەندی سێهەمدا وڵاتی ئیسرائیل دێت بڕی (٢،٩٢٠،٣٥١) بەرمیل کە رێژەی (٢١٪) ی نەوتی بارکراوی هەرێم پێک دەهێنێت بەدوای ئەوانیشدا (ئیسپانیا، کرواتیا، رۆمانیا و بولگاریا) دێن".

ڕێکخراوی ڕوونبین لە بڵاوکراوەکەیدا دیارە دەستی نەگەیشتووە بەوەی کە نرخی نەوتی هەرێم لە مانگی ڕابردوودا بە چەند خەمڵێنراوە، لەبەر ئەوە نرخەکەی دیاری نەکردووە کە کۆی فرۆشراوی ئەو مانگە چەندە. 


AM:11:36:11/02/2022