پارتی: لەگەڵ فراکسیۆنەکان ڕێککەوتووین بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" فراکسیۆنەکان لە نێوان خۆیان ڕێککەوتوون ھەر لایەنێک بیەوێت یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکرێتەوە، پێویستە پڕۆژە پێشکەش بکات". 

زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان گەیشتووینەتە ڕێککەوتن ھەر فراکسیۆنێک داوای ھەموار یاسای ھەڵبژاردن بکات، ئەوە پێویستە پڕۆژەی ھەبێت و پڕۆژەکەی پێشکەش بە پەرلەمانی کوردستان بکات، ئەمە لە دواین کۆبوونەوە بۆچوونی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان بووە". 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت" ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن نین، چونکە ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن کاتی پێویستە و کاتیش درەنگە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر دیاریکردنی ڕۆژی ھەڵبژاردن بدرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، ھەر پڕۆژەیەک لەلایەن ھەر فراکسیۆنێکەوە پێشکەش بکرێت بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن، ئەوە پێویستە ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر ھەبێت و ئێمەش وەک پارتی دڵنیایی ئەوەمان بە لایەنەکان داوە کە زۆرینەی خۆمان ناسەپێنین لەسەر ھیچ پڕۆژەیەک بۆ ھەمواری ھەڵبژاردن.


PM:06:22:22/02/2022