بایدن: ئەگەر روسیا داگیركاریی زیاتر لە ئۆكرانیا بكات، سزای زیاتری دەدەین


جۆبایدن، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئەوەی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا دەیكات "سەرەتای داگیركردنی ئۆكرانیایە"، ئاماژەی بەوەشكرد،  هێز و جبەخانەكانی وڵاتەكەی كە پێشتر لە ئەوروپا جێگیركراون، بەرەو باڵتیك، ئەستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیا دەجوڵێنێت بۆ پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانەكانی وڵاتەكەی.
 
جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا وتارێكی پێشكەَشكرد و رایگەیاند "پلانم هەیە دەستبكەم بە سەپاندنی سزا، ئەوەش وەكو وەڵامدانەوەیەك، سزاكانمان زۆر لەوانە قوورستر دەبن ئێمە و هاوپەیمان و هاوبەشەكانمان لە ساڵی 2014دا سەپاندمانن، ئەگەر رووسیا داگیركاریی زیاتر بكات، ئەوا ئێمەش ئامادەین سزای زیاتر بسەپێنین".
 
سەرۆكی ئەمریكا رەخنەی لە ڤلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا گرت لە بەرامبەر بڕیارەكەی رۆژی 21-02-2022 و ئەوەی خستەڕوو، ئەوەی پووتین كردی پێشێلكاریی روونی یاسای نێودەوڵەتییە و "دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كاردانەوەی توندی بەرامبەری هەبێت".
 
بایدن روونیكردەوە "پوتین بە شێوەیەكی راستەوخۆ هێرشی كردۆتە سەر مافی هەبوونی ئۆكراینا، ئەو بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆش هەڕەشەی لەو ناوچەیە كرد كە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی رووسیادا بوو، لەوانەش ئەو وڵاتانەی ئێستا دیموكراسی تێیاندا گەشەی كردووە و ئەندامی ناتۆن".

شەوی رابردوو پوتین بەشێوەیەكی رەسمی دوو هەرێمی ئۆكرانیا وەك دەوڵەت ناساند، ئەوەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.



PM:11:16:22/02/2022