مەسرور بارزانی: بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نادادپەروەرانەبوو

سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی دەڵێت، "بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نادادپەروەرانەبووە وهەرێمی کوردستان بەردەوامدەبێت لەجێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی".


ئەمڕۆ ٢٣ی شوبات چوار شەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە بڵاوکراوەیەکدا ڕای دەگەیەنێت " بە ئامادەبوونکی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانمان ئەنجامدا".


دەڵێت " لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کورتەیەکمان دەربارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران، بۆ وڵاتی قەتەر و بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن خستەڕوو، ئاماژەمان بەوەدا، کە لە هەموو دیدارەکانماندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان دەربارەی هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان ڕوونکردەوە و جەختمان لەوە کردەوە، کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا".

باسی ئەوەشیکرد، لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی دەربارەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە رۆژی ١٥ی شوبات کرد تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆی چڕ و هەمەلایەنەی بڕیارەکە، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، بە نادەستووری ونادادپەروەرانە دادەنێت و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ پارێزگاریکردن و داکۆکیکردن لە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی ھەروەک لە دەستووری عێراق جێگیرکراون کە زۆرینەی خەڵکی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ دەنگیان بەو دەستوورەدا، لە هەمانکاتدا حکومەتی هەرێم هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپاتدەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە کارکردنی هاوبەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە سەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە".

مەسرور بارزانی وتیشی " لە دوا بڕگەی کارنامەی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران رەشنووسی رۆژمێری کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان پەسەندکرد کە لە لایەن بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خرایەڕوو".




PM:03:41:23/02/2022