کازم فاروق: ئەمڕۆ دەست لەکار دەکێشمەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ دەست لەکاردەکێشمەوە و یەک دینار موچەی خانەنشینی وەرناگرم.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی شوبات، کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "من بەدەنگی خەڵک هاتووم بۆ پەرلەمان و یەکێتی و پارتی دەبێت بە ئاواتەوەبن من تەنزولیان بۆ بکەم".

باسی لەوەشکرد، یەکێتی و پارتی و سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆیە رێگرییان لێکردووە چونکە ئەو کۆمپانیا و کارگە و بیرە نەوت و قاچاغچێتی سەر سنورەکانی نەبووە و مامەڵەی لەگەڵدا نەکردوون و باسی لە مافی خەڵک و بار گرانی ژیان و گوزەران و موچە و دزینی بیرەنەوتەکان کردوون، هەروەها ئەوان وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ زۆر پێداگرییان کردووە لەسەر رەتکردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و وەزیرەکان و پلە باڵا و تایبەتەکان.

وتیشی "دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی پەرلەمان پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکات و دواتر بە نوسراوێک داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات وەک پزیشک لە نەخۆشخانەی هیوا دەست بە خزمەتکردنی هاوڵاتییان دەکاتەوە".



AM:11:57:27/02/2022