"شوێنی مەسڵەحەی كۆن لەسلێمانی بۆ باخچە و سەوزاییە، نەك بینای 24 نهۆمی"


دانیشتوانی گەڕەكی رزگاری شاری سلێمانی رایدەگەیەنن لای داواكاری گشتی سلێمانی سكاڵایان دژی ئەو كۆمپانیایە تۆماركرد كە دەیەوێت شوێنی مەسڵەحەی كۆنی سلێمانی بكات بە بینای 24 نهۆمی، چونكە بەوتەی ئەوان، ئەو شوێنە بۆ باخچەو شەوزاییە، نەك پرۆژەی نیشتەجێبوون.

دانیشتوانی گەڕەكی رزگاری لە بەیاننامەیەكدا رایانگەیاندووە "ناڕازین بەرامبەر دروستكردنی باڵەخانەی نیشتە جێبوون كە لە ۲٤ نهۆم پێكدێت لەسەر پارچە زەوی مەصڵەحەی كۆن، ‎چونكە ئەو پاچە زەوییە لە بنەڕەتدا تەرخانكراوە بۆ سەوزایی و بە هیچ شێوەیەك گونجاو نیە بۆ ئەو جۆرە پرۆژانە".

‎هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ساڵی ۲٠۱۳یش بە هەمان شێوە كۆمپانیایەك  ویستی ئەو شوێنە بكات بە پڕۆژە، بەڵام ئەوكات بە هەوڵی هەموو لایەك ڕاگیرا، شارەوانی سلێمانیش لەڕێگەی لیژنەیەكەوە قەرەبووی ئەو كۆمپانیایەی كردەوە و زەویەكی تری پێدا، ئەو كاتەش  بەڵێنیان دا كە ئەم پاچە زەویەی مەصڵەحەی كۆن بكرێت بە باخچەو سەوزایی، ‎بەڵام بە بیانووی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە سەوز نەكرا.
دانیشتوانی گەڕەكی رزگاری داوا لە جێگری سەرۆكی حكومەت و پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و لایەنی حكومی و حیزبی دەسەڵاتدار و خەمخۆرانی شاری سلێمانی دەكەن بێنە دەنگ و چیتر بێ دەنگ نەبن لە تەخشان و پەخشانكردنی زەوی شاری سلێمانی.

شوێنی مەسڵەحەی كۆنی سلێمانی دەكەوێتە شەقامی سالم لە نزیك مەڵبەندی یەكی رێكخستنی سلێمانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.





PM:10:56:27/02/2022