بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی دژی هەرێم چووە بواری جێبەجێكردنەوە


حكومەتی عێراق بە فەرمی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم سەبارەت بە نەوت و غاز خستە بواری جێبەجێكردنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەكی پێكهێناوە.

نوسراوێكی كۆمپانیای نیشتیمانی نەوتی عێراق رایگەیاندووە "لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق، كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی لیژنەیەكی  پێكهێناوە و كاری لیژنەكەش یەكخستنی سیاسەتی بەڕێوەبردنی نەوت و غازی هەرێمی كوردستان و دەستپێكردنی رێككارە كردارییەكانە".

هەر بەپێی نوسراوەكە، ئەو لیژنەیە كار لەسەر سێكتەری نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دەكەن، جگە لە گرێبەستەكانی ناردنە دەرەوە"، نووسراوەكە چەندین شارەزا و پسپۆری بوار نەوت و غاز دووبارە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی دەرهێنان و بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

دوو هەفتە لەمەوبەر دادگای فیدراڵی عێراق پڕۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی بە "نادەستوور"ی  ناوبرد، ئەمڕۆش چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و ئەو بڕیارەیان رەتكردەوە.



PM:10:16:28/02/2022