ئەوقاف، كەمكردنەوەی نرخی گەشتی عومرەی راگەیاند


وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەمكردنەوەی نرخی گەشتی عومرە رادەگەیەنێت ئەوەش بەمەبەستی كارئاسانی بۆ هاوڵاتیان.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (سپی)ی راگەیاند "بە سەرپەرشتیی وەزیری ئەوقاف پلانێكیان دانا كە كەمترین پارە لە عومرەكار وەربگیردرێت، نرخیش بەپێی جۆری ئەو خزمەتگوزارییەیە كە كۆمپانیاكە پێشكەشی دەكات، ئێستا لەسەر داواكاریی ئێمە نرخەكە دەستكاریكرا و دوو جۆرە، ئەو كۆمپانیایانەی خواردن دابین دەكەن و گەشتەكەیان بۆ 10 رۆژە نرخیان 900 تا هەزار  دۆلارە، ئەو كۆمپانیایانەشی خواردن دابین ناكەن نرخیان 800 تا 850 دۆلارە".

بەپێی ئاماری وەزارەتی ئەوقاف لە هەرێمی كوردستان 84 كۆمپانیا هەیە كە گەشتی حەج و عومرە رێك دەخەن، ئێستا نزیكەی 10 هەزار كەس عومرە دەكەن، سێ مانگ پێش ئێستا تێچووی هەر عومرەكارێك 1500 دۆلار بوو. 

بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە سعودیە لە 2020ـەوە گەشتی حەجی بۆ بیانییەكان راگرت و دوو ساڵ حاجییانی كورد حەجیان نەكرد.



PM:02:07:03/03/2022