"ئاوات شێخ جەناب داوای دەستلەكاركێشانەوە دەكات"


ئەندامێكی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە پەیامێكدا بۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری رایدەگەیەنێت "زانیاریم هەیە لەوەزارەت دەوام ناكەی، پەیامیشت بۆ جڤاتی نیشتیمانی ناردوە و داوات كردوە یەكێكی دیكە لە شوێنەكەت دابنێن".

عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامێكی پێشووی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە فەیسبووكی خۆی پەیامێكی بۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لە پشكی گۆڕان ناردووە و نووسیویەتی "زانیاریم هەیە لەوەزارەت دەوام ناكەی، پەیامیشت بۆ جڤاتی نیشتیمانی ناردوە و داوات كردوە یەكێكی دیكە لە شوێنەكەت دابنێن، جەنابت هەلوێستی من دەزانی كە دژی چونی گۆڕان بوم بۆ ناو حكومەت و فیعلەن لەدەنگدانەكەی جڤات دەنگم دژی چونە ناو حكومەت بوو".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "رۆژگاریش دروستی دەنگنەدانی ئێمەی سەلماند، ئەوەی پێویستە لەسەر جەنابت هۆكارەكانی هەلوێست وەرگرتنەكەت بۆ خەلك ڕوون بكەیتەوە، چونكە بەڕێزت چوار بەرپرسیارێتیت لە ئەستۆدایە، بەرامبەر سوێندخواردنەكەت بە خودای گەورە، بەرامبەر بەلێن و بەرنامەی حیزبەكەت، بەرامبەر پلەی وەزیریت،  بەرامبەر ئەندامێتیت لە لێژنەی بالای نەوت و غازی هەرێم".

كۆتایی مانگی 1ی رابردوو ئاوات شێخ جەناب، بە فەرمانێك كارەكانی عەبدولڕەحمان رەشید ساڵح، بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی بەشێوەی كاتی راگرت و لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەشی لەسەر دروستكرد سەبارەت بە هۆكارەكانی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، بەڵام هەفتەی رابردوو ئەو بەڕێوەبەرە بە چەپكەگوڵ دەستی بە دەوامكردن كردەوە.

بەپێی زانیارییەكانیش، ئاوات شێخ جەناب بەبیانووی "نەخۆشی"یەوە داوای مانگێك مۆڵەتی كردووە و ئێستا دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوە لە پشكی گۆڕان كارەكانی رایی دەكات.

ئەمڕۆش مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دەمەوێت وەزیری دارایی روونكردنەوە بدات سەبارەت بە كۆنەكردنەوەی داهاتی هەموو دەروازەكان، هەروەها وەزیری دارایی ئاگاداری داهاتی نەوتە".





PM:03:49:03/03/2022