پارێزگاری هەولێر: لە ڕۆژانی بەهار و نەورۆزدا تەواوی هێزە ئەمنییەكان دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت" لە رۆژانی بەهار و نەورۆزدا سەرجەم هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران". 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو لەدیوانی پارێزگا، لەپێناو رەخساندنی كەشێكی ئارام و گونجاو لە رۆژانی بەهار و نەورۆز و پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و رێگەگرتن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و نایاسایی، لێژنەی باڵای ئەمنی پارێزگای هەولێر كۆبووەوە، لەكۆبوونەوەكەدا، تەواوی هێزە ئەمنییەكانی هەولێر (ئاسایش، زێرەڤانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی، تەندروستی) لە سەرجەم شوێنە گشتییەكان و تەواوی ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییان ڕووی تێدەكەن ئەركیان بەسەردا دابەشكرا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" پارێزگاری هەولێر، وێڕای ئەوەی تەئكیدی لەگرتنەبەری هەموو ڕێكارێكی ئەمنی كردەوە بۆ پاراستنی سەروماڵی هاونیشتمانیان و گەشتیاران و ڕێگەگرتن لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو و نایاسایی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە هاوڵاتییان دڵنییادەكەینەوە، بە هەموو توانایەكەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاوكراوەیی هێزە ئەمنییەكانی ناوخۆ سەروماڵیان پارێزراوە و داواش لە هاوڵاتییان دەكەین هاوكارمان بن". 


PM:11:40:03/03/2022