مامۆستایانی ناڕازی بڕیاری بایكۆتکردنی دەوامیاندا


مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریاندا لە سبەینێوە بایكۆتی لە قوتابخانە و خوێندنگە و فەرمانگەكانیش بكەن.

ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "وەكو لای هەمووان ئاشكرایە ڕۆژ دوای ڕۆژ نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و داهاتی ناوخۆ و گومرگ و باج بەڕێژەیەكی زۆر زیادی كردووە و نرخی سەرجەم پێداویستیە بنەڕەتیەكانی ژیان بەرزبۆتەوە و  هیچ پاساوێك بۆ دابەشنەكردنی مووچە و ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران نەماوە".

مامۆستایانی ناڕازی ئاماژەیان بەوەكردووە "سەرجەم قسەكانی سەرۆكی حكومەت ڕەتدەكەینەوە و پێمانوایە جگە لە پاساو هێناوەوە بۆ دزی و گەندەڵیێەكانیان هیچ شتێكی نوێی تیا نەبوو، هەڵوێستی خۆمان دەخەینە پاڵ ئەو مامۆستا و خوێندنگایانەی بایكۆتیان كردووە و داوا لە سەرجەم  مامۆستایان و فەرمانبەرانی دام و دەزگاكان دەكەین لە ڕۆژی یەكشەممە وە بەرواری ٦ / ٣ / ٢٠٢٢ بایكۆتی دەوام بكەن و دەوامی سەرجەم زانكۆ و قوتابخانە و فەرمانگەكان ڕابگرن . هاوكات داواكارین بۆ مانگەكانی ئایندەش لەئەگەر نەدانی مووچە بەسێ ڕۆژ جارێك بایكۆتی دەوام و خوێندن بكرێت".

تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كورستان مووچەی مانگی شوباتی دابەش نەكردووە، ئەمڕۆش ئەنجومەنی باڵای ئابوری هەرێم كۆبوەوە، بەڵام هیچ وادەیەمی فەرمی بۆ دابەشكردنی مووچە رانەگەیەنراوە.



PM:05:35:05/03/2022