ناوەڕۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی ماكرۆن و پوتین سەبارەت بە ئۆكرانیا


ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایدەگەیەنێت "دەبێت ئامانجەكانیان لە ئۆكرانیا بەدەست بهێنن ئەوەش بە شەڕ یان گفتوگۆ".

(كۆشكی ئیلێزی)ی فەڕەنسا ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان ئیمانوێڵ ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیای سەبارەت بە شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیا بڵاوكردۆتەوە.

لە پەیوەندییەكەدا ماكرۆن داوای لە پوتین كردووە "ئاگربەستێكی مرۆیی رابگەیەندرێت‌و دەرزاوەی سەلامەت بۆ چونەدەرەوەی ئۆكرانیییەكان بكرێتەوە، پارێزگاریكردن لە وێستگە ئەتۆمییەكانی ئۆكرانیا و گەرەنتیكردنی پاراستنیان".

ماكرۆن جەختیكردۆتەوە لەسەر "پێویستی كۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی سوپای روسیاو رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و ئاسانكاریی بۆ كاروانە فریاگوزارییە مرۆیییەكان، ماكرۆن جەختیكردەوە كە بەكارهێنانی چەمكی " نازییەت" قبوڵكراو نیە".

لەبەرامبەریشدا پوتین، سەرۆكی روسیا رایگەیاند "ئامانجیان نەبووە هێرشبكرێتە سەر وێستگە ئەتۆمییەكان، روسیا ئامانجەكانی خۆی لە ئۆكرانیا بەدی دەهێنێت بەشەڕ بێت یان دانوستان، رەزامەندن بۆ پاراستنی وێستگە ئەتۆمییەكان گفتوگۆ لەگەڵ ئۆكرانیاو ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بكات، ئامادەی دانوستانن لەگەڵ ئۆكرانیا بەمەرجی ئەوەی دان بنێت بە سەربەخۆیی دۆنباسدا".




PM:07:36:06/03/2022