كەركوكیەكان داواكارن نەجمەدین كەریم لە خۆكاندیدكردنی بكشێتەوە

نوێنەری چین و پێكهاتەكانی شاری كەركوك داوا دەكەن د. نەجمەدین كەریم، پارێزگار و پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری كەركوك لە بڕیاری خۆ كاندید كردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكشێتەوە و بە پارێزگاری كەركوك بمێنێتەوە.

ئێوارەی دوێنی دووشەممە 21ی تەمموزی 2014، نوێنەری هەموو چین و توێژەكانی كەركوك و نەتەوە و پێكهاتەكانی شاری كەركوك سەردانی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانیان كرد و لەلایەن ئاسۆ مامەند بەپرسی مەڵبەندەوە بیشوازیان لێكرا.

رزگار حاجی حەمە، بەربرسی بۆردی رێكخراوە دیموكراسیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان مەبەستی ئەو سەردانەی روونكردەوە و رایگەیاند: نوێنەری هەموو چین و توێژەكان داواكارن لە لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك كەلە رێگای خۆیەوە داوا لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات و هەوڵبدەن د. نەجمەدین كەریم لە خۆكاندیدكردنی بۆ بۆستی سەرۆك كۆمار بكشێتەوەو هەر لەكەركوك بمێنێتەوە بۆ ئەم مەبەستە یاداشتێكیان بە واژووی 250 هەزار كەس پێشكەش بە لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی كرد.

ئاسۆ مامەند، وتی: "ئێمە دەزانین كە د. نەجمەدین كەریم، لە ماوەی سێ ساڵی خزمەتی كەركوك خزمەتێكی زۆری بە كەركوكیەكان گەیاندوە بێ جیاوازی خزمەتی كردون تاوایكردوە كەركوك لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكانی عیراق یەكەم بوو".

وتیشی: "هەموو هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ جێبەجێكردنی داخوازیەكەتان و وادەكەین د. نەجمەدین هەر لە كەركوك بمێنێتەوە". 

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، بەڵێنی بە خەڵكی كەركوك دابوو كە پارێزرێكی بەهێز بێت و لە كەركوك بمێنێتەوە، بەڵام لە ئێستادا پێچەوانەی ئەو بەڵێنە كار دەكات.



AM:10:04:22/07/2014