بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک
لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر چەکی بانکیی دەرماڵەی خوێندکاران
وەربگرن و دەرماڵەکە بەسەر خوێندکاراندا دابەش بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی
ئاداری ٢٠٢٢، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەددین، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر، د.کامەران یونس محەمەدئەمین،
ڕایگەیاند "بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە
ژمارەیەک لە کۆلێژەکانی زانکۆی سەلاحەددین چەکی بانکی وەربگرن و بچنە بانکەکان بۆ
ئەوەی دەرماڵەی خوێندکاران وەربگرن، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە پارە هەیە و لەبەردەستە
و بە کۆلێژەکانمان راگەیاندووە هەوڵ بدرێت هەر ئەمڕۆ کاتی زیاتریش بمێننەوە بۆ ئەوەی
بتوانرێت دەرماڵەی خوێندکاران دابەشبکرێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە کە
دوای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی
رابردوودا بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بەشە ناوخۆییەکانیان و گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان،
خۆپیشاندانیان ئەنجام داو دواجار ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لە بارەی پێدانی دەرماڵەری
خوێندکاران دەرکرد.