بارانی بەخوڕ و تەرزە و ڕەشەبا هەرێم دەگرێتەوە


شارەزایەكی بواری كەشناسی رایدەگەیەنێت "لە سبەینێوە شەپۆلێكی بارانبارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە".

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "سبەینێ لە ئەنجامی بەردەوامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست ئاسمانی ھەرێم  بەزۆری دەگۆرێتەوە بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو، لەكاتەكانی نیوەرۆ بە دواوە تا كاتەكانی شەو شەپۆلێكی بارانبارین بەرێژە و كاریگەری جیاواز ناوچەكان دەگرێتەوە، بەتایبەت لە سنوری ناوچە شاخاویەكانی پارێزگای ھەولێر و دھۆك و ئیدارەی راپەرین چالاكتر دەبێت".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، ھەندێك كات بارانی بەخوڕ دەبارێت و ئەگەری بارینی ١٠ تا ٣٥ ملیمەتر باران ھەیە، لەناوچەكانی دیكەی ھەرێم كاریگەری لاواز بۆ مامناوەند دەبێت و باران لەھەندێ كاتدا دەبارێت بەشێوەی پچر پچر.  

ئاراس جەبار دەڵێت "خێرایی با كاتەكانی دوای نیوەرۆ بۆ ئێوارە چالاك دەبێتەوە لە ئاراستەی باشوری رۆژھەڵاتەوە بەخێرای ٢٠ تا ٣٥ كلم/س، بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵبارین دەبێت بەتایبەت لەناوچەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای كەركوك، بەڵام كاریگەری بەراورد بە شەپۆلی خۆڵبارینی ڕابردوو كەمتر دەبێت، پلەكانی گەرماش زیاتر بەجێگیری دەمێنێتەوە".  





PM:10:13:08/03/2022