ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئاداری ٢٠٢٢، بڕیارە ئەنجومەنی
وەزیرانی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کۆببێتەوە و لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ڕوسیا
و ئۆکڕانیا لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان و گەنم تاوتوێ بکرێت.
وابڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە بخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
- خستنەڕووی پوختەی کۆبوونەوەی هاوبەشی هەر
چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢ سەبارەت بە بڕیاری
دادگای باڵای فیدڕالی تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان.
- خستنەڕووی پوختەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی
ئابوری ژمارە (٥) لە ڕۆژی ٥ی ئاداری ٢٠٢٢ تایبەت بە پەسەندکردنی ڕاپۆرتی لیژنەی پێداچوونەوەی
ڕسوومات.
- خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و
پیشەسازی سەبارەت بە لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ڕوسیا و ئۆکڕانیا لەسەر هاوردەکردنی
بەرهەمە خۆراکییەکان و گەنم.
- بابەتی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی
کوردستان و دەرفەتەکانی جێگرتنەوەیان بە دەستی کاری خۆماڵی.