ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری لە پشكی گۆڕان، دەستی بەدەوامكردن كردەوە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە و تایبەتە بە درێژكردنەوەی مۆڵەتی فەرمانبەرانی دەرەوەی وڵات، نووسراوەكە رۆژی 9ی ئەم مانگە دەرچووە و واژووی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری لەسەرە، ئەوەش دەریدەخات كە ناوبراو گەڕاوەتەوە سەر كارەكەی.
سەرەتای ئەم مانگە ئاواتی شێخ جەناب داوای مۆڵەتی نەخۆشی كردبوو، بەڵام دواتر بڵاوكرایەوە كە ناوبراو نیگەرانە لە شێوازی كاركردنی و داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان كردووە كەسێكی دیكە بۆ شوێنەكەی دیاری بكەن، هەروەها لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردووی ئەنجومەنی ئابوری هەرێمیش كە تایبەت بوو بە دۆخی ئابوری هەرێم و دواكەوتنی مووچە، ئاوات شێخ جەناب ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، هەمان رۆژیش چوو بوو بۆ گوندێكی ناوچەی قەرەداغ بۆ كاتبەسەردن.