پەیامی نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە هێرشەكەی سەر هەولێر


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئیدانەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردووی سەر هەولێری كرد و دەڵێت "بە ئامانجكردنی بەو شێوەیەی هەولێر و دووبارەبوونەوەی پێشهاتێكی ترسناكە".
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی هێرشە مووشەكییەكەی شەوی رابردووی سەر هەولێر بڵاوكردەوە و رایگەیاند "زۆر بە توندی ئەو هێرشە مووشەكییە سەركۆنە دەكەین كە درەنگانی شەوی رابردوو بە شێوەیەكی ترسنۆكانەی دڕندە، بە بێ هیچ پاساوێك خەڵك و ئارامی و سەقامگیریی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانی بە ئامانج گرت".
 
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت "سوپاس بۆ خوای مەزن كە هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە. هاوسۆزی هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەولێرین كە لە نیگەرانی و دڵەڕاوكێدا كاتێكی سەختیان بەڕێكرد.''
 
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە ئامانجكردنی بەو شێوەیەی هەولێر و دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە بە "ترسناك" ناو دەبات و دەشڵێت "بە ئامانجگرتنی بەو شێوەیەی هەولێر و دووبارەبوونەوەی، پێشهاتێكی ترسناك و پێشێلكردنی زەقی ئارامی و سەقامگیری و سەروەریی عێراقە‌ و جگە لە ئاڵۆزكردنی دۆخەكە و زیانگەیاندن بە ئێستا و داهاتووی تەواوی عێراق، هیچ ئەنجامێكی دیكەی نابێت‌."
 
نێچیرڤان بارزانی وتویەتی "داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین بە جیدی لەسەر ئەم دەستدرێژیانە‌ بووەستن و هەموو هەوڵێك بدەن تا چیتر رێگە نەدرێت بێڕێزی بە سەروەری و سەقامگیریی وڵات و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییانی بكرێت."
 



AM:10:37:13/03/2022