بەشێک لە وڵاتانی جیهان ئیدانەی هێرشە موشەکییەکانی سەر شاری هەولێر دەکەن

‌فۆتۆ: سەفین حەمید
هەریەک لە وڵاتانی تورکیا و ئەڵمانیا و میسر بەتوندی ئیدانەی هێرشە موشەکییەکانی بەرەبەیانی دوێنێی سەر شاری هەولێر دەکەن. 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین کە بە موشەکی بالیستیکی کرایە سەر شاری هەولێر، هەرگیز ئەو جۆرە کردانە جێگەی قبوڵ نین بۆ تێکدانی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا، تورکیا لە پاڵ عێراقدا دەبێت لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا".

لای خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند" هێرشەکەی سەر شاری هەولێر بەتوندترین شێوە ئیدانە دەکەین و پشتگیریی بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکان دەکەین بۆ بەهێزکردنی سەروەری عێراق و بەردەوامی شەڕی دژی داعش".

هەروەها، حکومەتی میسر لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەدا، بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆرستییە ترسنۆکانە دەکەین کە شاری هەولێری کردە ئامانج، شانبەشانی عێراق دەبین لە گرتنەبەری هەر رێوشوێنێکی پێویستە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش ڕایگەیاند" هێرشەکەی شاری هەولێر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە و دەکرێت ئەو هێرشانە کاریگەری نەرێنیان لەسەر لێکتێگەیشتنە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران هەبێت، بۆیە پێویستە کۆتایی بەو کردەوانە بهێندرێت". 

بەرەبەیانی دوێنێ یەکشەممە (١٢) موشەکی دورمەودای بالیستی لە سنورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ئەمریکی لە هەولێر کران، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.


AM:09:53:14/03/2022